بەهای دیناری عێراقی دابەزی؛ 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 151 هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی و ئەمڕۆ 100 دۆلار لە هەولێر 151 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە سلێمانی نزیک بووەتەوە لە 152 هەزار دینار.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026 ئەحمەد حاجی سابیر باواجی، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێستا دۆلار لە بۆرسە بە 151 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت."
لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای دینار، ئەحمەد حاجی سابیر گوتی، "پەیوەندی بە خواست و خستنەڕووەوە هەیە و خواست زۆرترە."
ئەو ئاڵوگۆڕکارە سەبارەت بە نرخی لیرەی سووری و تورکی گوتی، "هەزار لیرەی سووری بە 111 هەزار و 500 دینارە؛ 100 دۆلار دەکاتە 4 هەزار و 400 لیرەی تورکی؛ نرخی تمەنیش جێگیر نییە."
سەبارەت بە نرخی دراوەکان لە سلێمانی، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 151 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ".
رەوەز میرزا دەڵێ، "هەزار لیرەی سووری بە 111 هەزار دینارە؛ لیرەی تورکی 4 هەزار و 450 لیرە بە 100 دۆلارە؛ تمەنیش یەک ملیۆن و 270 هەزاری بە 100 دۆلارە."