نۆکیا سێ مۆبایلی نوێ دەخاتە بازاڕەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئێچ ئێم دی فینلاندی، خاوەنی براندی نۆکیا سێ جۆر مۆبایلی نۆکیای دروستکردووە کە نرخی هەر یەکەیان لە خوار 200 یۆرۆیە. نۆکیا رایگەیاند، سەرنجی لەسەر بازاڕی ئەوروپایە و دەڵێت، بە خستنەڕووی سێ مۆدێلی (سی 22) و (سی 32 ) و ( جی 22 ) دەیەوێت مۆبایلێکی هەرزان دروستبکات کە لە قازانجی بەکاربەران بێت.
هانا گاوتن، شارەزای بازاڕی مۆبایلە و دەڵێت، "مۆبایلی زۆر هەرزانن. لە رووی نرخەوە دەتوانن رکابەری لەگەڵ مۆبایلی رییەل می، شیاومی و مۆتۆرۆلا و مۆبایلی هاوشێوە بکەن."
کۆمپانیای نۆکیا، مۆبایلەکانی جۆری سی 22 و سی 32 بە 109 یۆرۆ و 129 یۆرۆ دەفرۆشێت. جۆری جی 22 یش نرخەکەی 179 یۆریە.
مۆبایلی جۆری سی 22 توانای کامێراکەی 13 مێگاپێکسڵە. دوو مۆدێلەکەی دیکە توانای کامێراکانیان 50 مێگاپێکسڵە.
ساڵی رابردوو ساڵێکی باش نەبوو بۆ بازاڕی مۆبایل؛ بەهۆی بەرزیی هەڵاوسانەوە قەبارەی فرۆشی مۆبایل بە رێژەی 12٪ بۆ 1 ملیار و 210 ملیۆن مۆبایل دابەزی.
لارس سیلبەر باور، بەڕێوبەری بەبازاڕکردنی کۆمپانیای HMD دەڵێت، 2022 ساڵێکی زەحمەت بوو بۆ پیشەسازیی مۆبایل. ساڵێکی سەختیش بوو بۆ پیشەسازییەکانی دیکە. "گەشبینین بەوەی ساڵی 2023 ساڵێکی باش بێت بۆ پیشەسازییەکان. دەزانین زۆر کەس کڕینی مۆبایلی بۆ ئەمساڵ دواخستووە."
کۆمپانیای نۆکیا دەڵێت، بەهۆی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای نوێ، توانیویەتی کوالێتیی دەنگ لە مۆبایلە نوێیەکانی پێشبخات. لە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوودا مۆبایلە نوێیەکانی نۆکیا دەخرێنە بازاڕەوە.