قەبارەی ساختەکاریی ئۆنلاین لە ئەمریکا لە 2023 دا بەرزبووەتەوە بۆ 10 ملیار دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
شرەیا ژنێکی تەمەن 37 ساڵی دانیشتووی شاری فیلادیلفیایە؛ گفتوگۆکانی لە وەتسئەپ لەگەڵ پیاوێک بە ناوی ئەنسێڵ پێشاندەدات کە پارەیەکی زۆری بردووە.
شرەیا چەند مانگێک لەمەوبەر لە رێگەی ئەپێکی دۆزینەوەی هاوڕێوە ئەنسێڵی ناسیوە.
شرەیا خۆی شارەزای تەکنەلۆجیایە، بەڵام متمانە بە ئەنسێڵ دەکات و بڕی 450 هەزار دۆلاری بە چەند قۆناخێک لە رێگەی دراوی دیجیتاڵییەوە بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی پێ بکات.
شرەیا داتتا، شارەزای تەکنۆلۆجیا و قوربانیی ساختەکاری ئینتەرنێتە، دەڵێت: "خۆی بەو جۆرە پێشاندا کە پێکەوە کار لەسەر خەونەکانی من دەکەین. هیلاک بووم لە دەوامکردن و دەبێت زووش خۆم خانەنشین بکەم. پێی دەگوتم، دەتوانی زۆر باشتر بیت لە رەوشی ئێستات و بە پارەکەت وەبەرهێنان دەکەم."
ئەنسێڵ بەو جۆرە خۆی دەرخستووە کە شرەیای خۆش دەوێت و وێنە و ڤیدیۆیشی بۆ ناردووە، بەڵام هەموو وێنە و ڤیدیۆکان ساختە بوون.
ئەنسێڵ پێی گوتبوو سەردانی دەکات، بەڵام هەرجارێک بە بیانوویەک ئامادە نەبوو پێشوازی لێ بکات. دواجار خۆی لێ دەشارێتەوە و هەموو پارەکەیشی دەبات.
شرەیا دەڵێت، "کاتێک زانیم هەمووی ساختەکاری بووە و پارەکەم چووە، زۆر شڵەژام و تووشی نەخۆشی بووم. نەمدەتوانی بخەوم، نەمدەتوانی نان بخۆم. لە یەکەم مانگدا نزیکەی 10 کیلۆ لە کێشم کەمی کرد."
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێف پی ئای، تەنیا لە ساڵی 2023دا 40 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی سکاڵایان تۆمارکردووە کە پارەیان لە رێگەی وەبەرهێنانی ساختە لە دراوی دیجیتاڵیدا خوارەوە، کە کۆی ئەو پارەیە نزیکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێی کۆمیسیۆنی بازرگانیی فیدراڵی ئەمریکاش، کۆی ساختەکاری ئینتەرنێتی گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار لە 2023دا کە بەراورد بە 2022 بە رێژەی 14٪ زیادیکردووە.