مستەفا گەرعاوی: هەرێمی کوردستان زانیارییەکان بنێرێت بە کەمتر لە مانگێک هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دروست دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان زانیارییەکانی فەرمانبەران بنێرێتە بەغدا، بە کەمتر لە مانگێک هەژماری بانکی بۆ هەموو فەرمانبەران دەکرێتەوە و هەر بانکێکی هەرێمی کوردستانیش لقی لە عێراق هەبێت دەتوانێت بەشداربێت لە دابەشکردنی مووچە.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە، 26.2.2024، لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو و باسی لە مووچە و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لەو بارەیەوە کرد.
گەرعاوی رایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگی یەک دابەشدەکرێت.
بەڵام مانگی سێ "مووچە تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە زانیارییەکانیان دەگاتە بەغدا و ئەگەر کەسێکیش کارتە بانکییەکەی لەو ماوەیەدا تەواونەبووبێت، بەڵام داتا و زانیارییەکانی گەیشتبێت ئەوا دەتوانێت بچێت لە بانک مووچەکەی وەربگرێت."
بە گوتەی گەرعاوی، دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگێکدا کارێکی ئاستەم نییە و گوتی: "ئەگەر نیەتی جیدی هەبێت لە پێدانی زانیارییەکان، بە یەک مانگ هەژماری بانکی بۆ هەموو فەرمانبەران دروست دەکرێت."
گوتیشی کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ئامادەکردنی داتا و زانیاری فەرمانبەران و هەر بانکێکی هەرێمی کوردستانیش کە لقی هەبێت لە عێراق، دەکرێت بەشداربێت لە سیستمی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد ئیتر مووچەی فەرمانبەران لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جیادەکرێتەوە و ئامانجی حکومەتی عێراقیش لەم بڕیارە دوورخستنەوەی بژێوی هاووڵاتییانە لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان.
"هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاکتاوکردنی مانگانەی داهاتەکانی بەپێی یاسای بودجە،" گەرعاوی وای گوت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، ئەو پرۆسەیەی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکراوە بەناوی "هەژماری من" دەکرێت ببێتە بەشێکی تەواوکاری لە کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنیان بە حکومەتی ناوەندی.
21ـی شوباتی 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، پابەندن بەوەی مووچەی کارمەندەکانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان و سەرجەم کارمەندانی دیکە، خانەنشینان، سوومەندبووانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە بانکە فیدراڵییەکاندا بە نیشتمانی بکەن کە لە دەرەوەی هەرێم[ـی کوردستان] کاردەکەن. پشکی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو بەپێی یاسای بودجە بدرێت."