نرخی زیو لە نزیکەی 90 دۆلار جێگیر بووە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە و ئۆنسەیەکی بە 89.51 دۆلارە. بەم پێیە ئێستا کیلۆیەکی بە 2,877 دۆلارە.
ئێوارەی دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زیو ئاستی 91.35 دۆلاریشی تۆمارکردبوو. ئێستا نرخی زیو لە بەرزترین ئاستی نزیکەی مانگێکی رابردوو خۆیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی زیو بۆ نادڵنیایی لە سیاسەتە بازرگانییەکانی ئەمریکا و گرژییە جیۆسیاسییەکان دەگەڕێتەوە.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ وەبەرهێنان، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە راگرتنی نرخی زیو لە ئاستێکی بەرزی.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەکە، لێدوانە نوێیەکانی بەرپرسانی بازرگانیی ئەمریکایە.
جەیمیسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە رێژەی پێناسە گومرگییەکان بۆ هەندێک وڵات لە 10٪ـەوە بۆ 15٪ یان زیاتر بەرز بکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس، هەرچەندە بە وردی باسی پلانەکانی نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوەدا هیچ نیازێکی نییە پاشەکشە لە سیاسەتە بازرگانییەکانی بکات.
هاوکات ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر شاری جنێفن؛ بڕیارە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێبکات.
ئەمە وایکردووە وەبەرهێنەران بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و زیاتر پەنا بۆ کڕینی کانزا گرانبەهاکان ببەن بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان.
بەپێی پێشبینییەکانی بازاڕ، تاوەکو نادڵنیایی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی واشنتن و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بن، نرخی زیوین و زێڕ بە بەرزی دەمێننەوە.