جەمال کۆچەر: پێویستە پرسی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت، مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی پاری مووچەخۆرانی کوردستان بدرێت؛ دەشڵێت: '' نابێ کورد لە حکومەتی داهاتوو [بەغدا] بەشدار بێت، مەگەر پرسی مووچەی مووچەخۆران یەکلایی بکرێتەوە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-02-2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، ''پێویستە حکومەت 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، ئەگەر نا بەغدا دەیکاتە بیانوو و ئەرکی خۆی بۆ ناردنی مووچە جێبەجێ ناکات.''
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، داوای 120 ملیار داهاتی نانەوتی و نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕی هەناردەی.
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر، بەغدا نابێ بەهۆی کێشەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناردنی مووچەی مووچەخۆران دوابخات و بیانوو بهێنێتەوە، ''بەڵام پێویستە وەزارەتی ئێمەش (سامانە سرووشتییەکان) مانگانە ئەو بڕە نەوتە رابگەیێنێت کە بەپێی رێککەوتنەکەیان، رادەستی سۆمۆ کراوە. ئەو کاتە روون دەبێتەوە کە بەغدا بۆ ناردنی مووچە بیانوو دەگرێت یان نا.''
 
مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی پاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدرا. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی: ''فەرمانبەران 12 مانگ خزمەتیان بە هەردوو حکومەت کردووە، بۆیە هیچ تاوانێکیان نییە کە سزا بدرێن، چ حکومەتی هەرێمی کوردستان بیدات، چ بەغدا یان بە رێککەوتنی هەردوو لا، دەبێ ئەو دوو مووچەیە بدرێن.''
 
جەمال کۆچەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر حکومەتێکی نوێ کە لە بەغدا پێکدەهێنرێ، نابێ کورد تێیدا بەشدار بێت، مەگەر پرسی مووچە یەکلایی بکرێتەوە و جیا بکرێتەوە لە هەموو ململانێ سیاسییەکان، هەروەها پێویستە هەر دامەزراندنێک کە لە بەغدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەپێی رێژەی دانیشتووان، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. 
 
جگە لە ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نێوخۆ، مەرجی عێراق بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان مانگانە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشووە.
 
10ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینار لە کۆی تەمویلی مووچە نەنێردراوە.