هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە خەرج دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕە پارەی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ مانگی دوو گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان".
 
لەبارەی کاتی دابەشکردنەکەی، سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "هەفتەی داهاتوو بڕیاری دابەشکردنی دەدرێت".
 
بە گوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هاوکاریی مانگی 11ـی 2025، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەرگرتووە.
 
هاوکارییەکە وەکو پشتیوانییەکە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە هاوپەیمانان دابینی دەکەن.
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، 16ـی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ [ناردنی هاوکارییەکە] بەردەوام دەبێ، ئینجا دواتر دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بڕیاری ئەمریکا و هاوپەیمانان سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن دەبێت".