گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: شەش کەشتیی بازرگانیمان لەکاردان و سێیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانن


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، وڵاتەکە خاوەنی شەش کەشتیی گەورەی بازرگانییە و سەرجەمیان لە جووڵەی بەردەوامدان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-03-2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق خاوەنی شەش کەشتیی بازرگانییە و ئێستا لە جووڵەی بازرگانیدان."
 
سەبارەت بە شوێنی ئێستای کەشتییەکان، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە سێ لەو کەشتییانە لەنێو بەندەرەکانی عێراقدان و گوتی: "رۆژی یەکشەممەی رابردوو کەشتییەکی بازرگانیی تایبەت بە خۆراک گەیشتە بەندەری ئوم قەسر."
 
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەش کرد، کە سێ کەشتییەکەی دیکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانن و گوتی: "کەشتییەکی عێراق لە ئیسپانیایە، یەکێکی دیکە لە مەغریبە و ئەوەی دیکەشیان لە ئاوەکانی کەنداودایە."
 
لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە بەهۆی جەنگەوە، تەنگەی هورمز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە رووی کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی داخراوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا لەسەر ئاستی جیهان.
 
پێشتر و لە رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئەحمەد جاسم ئەسەدی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراق رایگەیاندبوو، کۆمپانیاکەیان بەردەوام و لە ماوەی 24 کاژێردا چاودێریی وردی جووڵەی کەشتییەکان دەکات بەپێی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیی دەریایی، ئەوەش بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایشی دەریاوانی و پاراستنی کارمەندەکانیان لە هەموو جۆرە بارودۆخێکی جیاوازدا.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا\ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.