زانیاری لەبارەی وردبینی لە لیستی مووچە و ناردنی 120 ملیارەکە لە هەولێرەوە بۆ بەغدا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نیسان تەواو نەبووە و بەردەوامە. دەشڵێت: "ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا پەیوەستە بە قەبارەی داهاتی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەر داهات کەمی کردبێت ناتوانین 120 ملیار بە تەواوی بنێرین".
 
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نیسان بەردەوامە؛ ئەگەر ئەم مانگەش داهاتی کوردستان کەمی کردبێت، ئەوا دووبارە ناتوانرێت 120 ملیار دینار بە تەواوی بۆ بەغدا بنێردرێت".
 
لەبارەی بڕیاری ناردنی داهاتی نانەوتی، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "دوای ئەوەی تەرازووی پێداچوونەوەی ئەم مانگە دەرکەوت و زانرا داهات چەندە، ئەو کاتە بڕیار لەبارەی داهاتی نانەوتی مانگی نیسان دەدرێت کە چەند بۆ بەغدا بنێردرێت".
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکرد، رێککەوتنی ناردنی نیوەی داهاتی نانەوتی "تەنیا بۆ مووچەی مانگی ئادار بوو". گوتیشی: "کاتێک کاتی دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە هات، ئەوکاتە بەپێی پێشهاتەکان و داهاتی ئەو مانگەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر بڕی ئەو داهاتە دەکرێت کە دەنێردرێت، بەڵام جارێ هیچ باس نەکراوە".
 
رۆژی 21ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان ئەمشەو دەچنە بەغدا و سبەی لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکەن.
 
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مەرجانەی هەیە: لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان و داهاتی نانەوتی.