وەزیرى بازرگانیى عێراق بۆ رووداو: بازرگانانى هەرێمى کوردستان لە هەندێک شوێن ستەمیان لێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەسیر غرێرى، وەزیرى بازرگانیى عێراق دەڵێت، بەم نزیکانە لیژنەیەک پێکدەهێندرێت بۆ ئەوەى رێوشوێن و رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکبخرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بازرگانان و کەرتى تایبەتى هەرێمى کوردستان لە هەندێک شوێن ستەمیان لێ دەکرێت و ژینگەیەکى کێبڕکێى راستەقینە نییە؛ پێچەوانەکەشى هەر راستە بۆ کەرتى تایبەت و بازرگانانى پارێزگاکانى دیکە".
ئەو گوتانەى وەزیرى بازرگانیى عێراق لە گفتوگۆیەکیدا بوو لەگەڵ ئاڵا شاڵى، پەیامنێرى رووداو لە پەراوێزى کۆڕبەندى بازرگانیی فەرەنسا و عێراق کە بە بەشدارى نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پاریس بەڕێوەچوو.
ئەسیر غرێرى رایگەیاند: "قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان عێراق و فەرەنسا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە کە یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلارى لە رێگەى هەناردەى نەوتى عێراقەوەیە بۆ ئەو فەرەنسا".
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و ئەسیر غرێری
پرسیار: ئەم کۆڕبەندە چەند گرنگە بۆ بازرگانی و ئابووریی فەرەنسا و عێراق، هەروەها وەبەرهێنانى فەرەنسا لە عێراق؟
ئەسیر غرێری: سوپاس بۆ ئێوە و بۆ کەناڵە باشەکەتان کە هەمیشە پێشەنگە. ئەم رووداوە گرنگە لە رێگەى دامەزراوەى بازرگانیى فەرەنسا بۆ بەرجەستەکردنى تێڕوانینى کارنامەى حکومەتى عێراقە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ پەرەدان بە پەیوەندى ئابوورى نێوانیان و لەگەڵ وڵاتانى دیکەش، بەتایبەت وڵاتانى گرنگى وەک فەرەنسا. لەکاتێکدا پەیوەندى سیاسى باش لەنێوان عێراق و فەرەنسا هەیە، هیوامان وایە پەیوەندى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى بە هێندەى ئاستى پەیوەندییە سیاسیەکە بێت؛ ئامادەبوونمان لەم کۆنفرانسە بە ئامادەبوونی خاوەنکاران و راوێژکارى سەرۆکوەزیران و نوێنەرى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان، هەنگاوێکى جیدییە بۆ راکێشانى کۆمپانیاکان و گەیاندنى ئەو پەیامەى کە عێراق ئاسایش و سەقامگیرە و بووەتە شوێنی جێگەی سەرنجی وەبەرهێنەران و ئاوەدانکردنەوە؛ بۆیە داوایەکى راستەقینە هەیە بۆ ئەوەى فەرەنسا بەهێزەوە بگەڕێتەوە بازاڕى عێراق.
پرسیار: فەرەنسا چاوى لە چى پڕۆژەیەکە لە عێراقە؟
ئەسیر غرێری: لەراستیدا وەبەرهێنان ئێستا لە عێراق دەرفەتێکى گونجاوە. کاتێک دەڵێین گونجاوە، مەبەستمان ئەوەیە کە تەنیا یەک دەرفەت نییە و سنوورداریش نییە، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا هەیە، ئینجا لە بوارى پیشەسازیى دەرمان و جلوبەرگ بێت یان بونیاتنانى ژێرخان یان وەبەرهێنان لە کەرتى پیشەسازیى پترۆکیمیایی و یەکەى نیشتەجێبوون؛ ئەو پەیامەی دەمانەوێ بیگەیێنین لە چوارچێوەى کارنامەى حکومەت ئەوەیە کە ئەو دەرفەتانەى لە عێراق هەن بۆ هەموو بوارەکانن بە کشتوکاڵیشەوە؛ لە چوارچێوەى ئەو کارنامەیەدا عێراق پێویستى بە کۆمپانیا و پارەى زۆرە، بەتایبەت کە بەبازاڕکردنى ئەو کۆمپانیایانە گەرەنتی کراوە و دەبێتە پیشەسازییەکى راستەقینە کە پەنابردنى بەکاربەرى عێراقى بۆ سەرکەوتنى ئەو پڕۆژانە بۆ خۆى گەرەنتى دەبێت.
پرسیار: گفتوگۆکەتان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەبارەى سیستمى ئەسیکۆدا بەکوێ گەیشتووە؟
ئەسیر غرێری: لیژنەیەک بەم نزیکانە پێکدەهێندرێت، رێوشوێن و رێککەوتنەکان یەکدەخرێن. هەندێک تێڕوانینى جیاواز هەیە، بەڵام بە ئاراستەى یەکخستن و سازانى تەواو دەڕۆین لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بەشێوەیەک کە کێشە نەمێنێت.
پرسیار: بۆچى دەتانەوێت ئەو سیستمە لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق دابنێن؟
ئەسیر غرێری: ئەوە بۆ عێراق دەستەبەردەکات کە داهات و شێواز و ئاڕاستەکانى بزانێت، ئەوە جگە لەوەى رێگرى لە بازرگانە نارێکخراوەکان دەکات و رێگرى لە بەقاچاخبردن دەکات؛ هەروەها گەرەنتى مافى بازرگانان لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عێراق دەکات؛ بازرگانان و کەرتى تایبەتى هەرێمى کوردستان لە هەندێک شوێن ستەمیان لێ دەکرێت و ژینگەیەکى کێبڕکێى راستەقینە نییە، پێچەوانەکەشى هەر راستە بۆ کەرتى تایبەت و بازرگانانى پارێزگاکانى دیکە. هەوڵ دەدەین لە رێگەى یەکخستنى رێوشوێنەکان و یەکخستنى دەرفەتەکان و ئاسانکاری ، ژینگەیەکى رکابەری و دەرفەتى راستەقینە بخوڵقێنین بۆ خاوەنکارانى سەرجەم عێراق.
پرسیار: قەبارەى بازرگانى ئێستاى عێراق و فەرەنسا چەندە؟
ئەسیر غرێری: قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان ئێمە و فەرەنسا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار تێپەڕ ناکات؛ زۆرینەى یەک ملیار و 800 ملیۆ دۆلارى لە رێگەى هەنادەى نەوتى عێراقەوەیە بۆ فەرەنسا؛ ئەوى دیکە کە دەمێنێتەوە هاوردەى عێراقە لە فەرەنساوە کە 400 ملیۆن دۆلارى تیپەڕ ناکات. کاڵاى فەرەنسى گرنگە، وشەى دروستکراوى فەرەنسى گرنگە و ئەگەر لە بازاڕى عێراقدا هەبێت، ئاماژەیەکى گرنگە، ئیدی لە هەرێمى کوردستان بێت یان لە ناوەند؛ بۆیە کۆبوونەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسیەکان بۆ هاندانى کەرتى تایبەتى فەرەنسییە بۆ چوونە نێو پیشەسازى، هاوبەشى، گەڕانەوەى کاڵاى فەرەنسی و رکابەرییەکان بۆ بازاڕى عێراق.