داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسان نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی دووشەممە (26ی ئایاری 2025)، کۆی گشتیی هەناردەی نەوت و داهاتی بۆ مانگی نیسانی رابردوو راگەیاند، داهاتەکەی زیاتر لە شەش ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە.
بە گوێرەی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، 100 ملیۆن و 953 هەزار و 282 بەرمیل (سەد ملیۆن و نۆسەد و پەنجا و سێ هەزار و دوو سەد و هەشتا و دوو بەرمیل) هەناردەکراوە.
داهاتەکەشی شەش ملیار و 738 ملیۆن و 309 هەزار دۆلارە (شەش ملیار و حەوت سەد و سی و هەشت ملیۆن و سێ سەد و نۆ هەزار دۆلار).
ئامارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی نەوتی ناوەڕاست و باشووری عێراق 99 ملیۆن و 752 هەزار و 879 بەرمیل بوو، هەناردەکردن لە کێڵگەی گەیارە 900 هەزار و 584 بەرمیل بووە. هەروەها هەناردەکردن بۆ ئوردن، 299 هەزار و 819 بەرمیل بوو.