نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 3336 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەری رێککەوتنی بازرگانیی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، رۆژی هەینی نرخی زێڕی دابەزاند.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکان دا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.9٪ دابەزی بۆ 3336 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 1.1٪ دابەزی بۆ 3335 دۆلار.
رۆژی هەینی پێنوێنیی دۆلار بەرزبووەوە و دوورکەوتەوە لە نزمترین ئاستەکانی دوو هەفتەی رابردووی خۆی.
پیتەر گرانت، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی زانەر مێتاڵ لەوبارەیەوە رایگەیاند، "رێککەوتنی بازرگانیی نێوان ژاپۆن و ئەمریکا، رێککەوتنێکی گەورە بوو، هیواش هەیە ئەمریکا لەگەڵ ئەورووپا بگاتە رێککەوتن پێش رۆژی 01 ـی مانگی هەشت کە دوادەرفەتە بۆ جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکان."
رێککەوتنە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی مەترسی لە ناو بازاڕدا کەمدەکاتەوە و بەوپێیەش خواست بۆ کڕینی زێڕ کەمدەکاتەوە.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، بە ئەگەری زۆرەوە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پێناسە گومرگییەکان رێکدەکەون.
لەبارەی ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکاش، بەپێی راپۆرتی بازاڕی کاری وەزارەتی کاری ئەمریکا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی رابردوو داوای بیمەی بێکارییان کردووە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا. ئەوە بەو مانایەیە کە بازاڕی کاری ئەمریکا سەقامگیرە و ئەگەری دابەزاندی خێرای سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا کەمدەکاتەوە.