نێردەی سکرتێری UN بۆ کاروباری عێراق: پرسی بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت، بابەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "کۆتاییهاتووە" و هیواخوازە جارێکی دیکە ئەو کێشەیە سەرهەڵنەداتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی کارای لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەبێت.
محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەرانەوە قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا کرد و رایگەیاند، "بابەتی بڕینی مووچە کۆتاییهات و هیوادارم بە هەمیشەیی کۆتایی بێت."
پێنجشەممەی رابردوو حکومەتی عێراق پارەی مانگی 5ی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، هەر زوو دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و سبەی دابەشکردنی مووچە تەواو دەبێت.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان هیواشی خواست رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ببێتەهۆی کۆتاییهێنان بە هەموو ناکۆکییەکان و گوتی، "هیوادارم ئەو رێککەوتنە کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەکان بهێنێت و جارێکی دیکە نەگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە بژێویی خەڵکەوە هەیە."
محەممەد حەسان ئاماژەی بەوەش کرد، متمانەی بە سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، "متمانەیەکی زۆرم بە دانایی سەرکردەکانی عێراق لە بەغدا و هەولێر هەیە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی سەرەکی و کارای لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت."
محەممەد حەسان داوای لە هاووڵاتییان کرد بە بەرپرسیارێتییەوە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و گوتی، "داوا لە هاووڵاتییان دەکەم بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دەنگەکانیان بکەن."