سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر: 700 زێڕنگەرمان هەیە و دەمێکە بیرۆکەی دروستکردنی شاری زێڕمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی بە ناوی "شاری زێڕی جیهانی" لە بەغدا، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێریش دەڵێت، شاری هەولێر گونجاوە بۆ دروستکردنی شاری جیهانیی زێر و بیرۆکەکەش دەمێکە هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی دروستکردنی شاری زێڕی جیهانی لە بەغدا پڕۆژەیەکی گرنگە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت."
دامەزراندنی شاری زێڕی جیهانی لە بەغدا، ساڵی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزاری ئابووریی عێراق بڕیاری لێدرا.
هینداوی گوتی: "لیژنەیەک پێکهێنراوە، بە نوێنەرایەتی وەزارەتەکانی پلاندانان، پیشەسازی، بازرگانی، دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان و ژمارەیەک لە پسپۆران. لیژنەکە چەندین کۆبوونەوەی کردووە و راسپاردەکانی خۆی پێشکێش بە ئەنجومەنی وەزیران کردووە سەبارەت بە وردەکارییە تەکنیکی، کارگێڕی، یاسایی و پێداویستییەکانی پڕۆژەکە."
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، ئێستا پرۆژەکە ئاراستەی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان کراوە، بۆ ئەوەی زەویی بۆ تەرخان بکات.
ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەش پێکدێت، ئەویش دامەزراندنی کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی زێڕ لە عێراق، ئەمەش بۆ ئەوەی پیشەسازی زێڕ لە ناوخۆی وڵاتدا گەشە پێبدرێت و پشت بە هاوردە نەبەسترێت. هەروەها دامەزراندنی شاری زێڕی جیهانی لە بەغدا، کە دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بازرگانی و پیشەسازی زێڕ لە ناوچەکەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت "ئامانج لەم پڕۆژەیە، ئاسانکاری بۆ هاوردەکاران، پشتیوانیکردنی ئابووری عێراقە لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی بازرگانی و پیشەسازی زێڕ."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان عێراق، لە 1ی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو کۆتایی 2024)، عێراق زیاتر لە 28 تۆن و 298 کیلۆگرام زێڕی هاوردە کردووە.
700 زێڕنگەر لە هەولێر هەن
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دەرفەت لەبارە بۆ دروستکردنی شارێکی زێڕ لە هەولێر، تاوەکو ببێتە ناوەندێک بۆ دابینکردنی پێداویستیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەگوتەی هەندرێن وەرتی، دەمێکە بیرۆکەی دروستکردنی شارێکی زێر لە هەولێر هەیە، چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لە بازرگانە تورکەکان سەردانی شاری هەولێری کرد و گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی دروستکردنی شارێکی زێڕ لە هەولێر کرد، هاوشێوەی شارێکی زێڕ کە لە ئیستەنبوڵی تورکیا هەیە و ناوی 'کویومجوکەنت'ە.
هەندرێن وەرتی گوتی: "ئەو بازرگانە تورکە بیرۆکەی دامەزراندنی شارێکی پیشەسازیی تایبەت بە زێڕی لە هەولێر پێشکەش کردین، ئەمە بیرۆکەیەکی باشە ئەگەر کاری لەسەر بکەین و دەرفەتی سەرکەوتنی 100٪ـە و دڵنیام سوودی بۆ بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش دەبێت."
سەبارەت بە هاوکاری لەنێوان بەغدا و هەولێر لەم بوارەدا، لە ئەگەری دروستکردنی شارەکە، هەندرێن وەرتی گوتی: "لە بەغدا زیاتر لە هەزار زێڕنگر هەن، لە هەولێریش نزیکەی 600 زێڕنگر لەناو شار و نزیکەی 100 زێڕنگریش لە دەوروبەری شارەکەدا هەن، بۆیە دەرفەتەکان لەبارن."
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر پێیوایە هەولێر گونجاوە بۆ ئەوەی شاری زێری لێ دروسی بکرێت و گوتی: "زۆربەی زێڕنگرانی هەولێر ئەندامی سەندیکان، بارودۆخێکی ئەرێنی بۆ بازاڕەکانی زێڕ لە هەولێر لە ئارادایە، لەوانە خێرایی لە گەیشتنی زێڕ بە دوکانی زێڕنگرەکان و کڕیاران، هەروەها جۆراوجۆریی سەرچاوەکانی، ئەمە جگە لە بوونی ئاسایش و سەقامگیری لە هەولێر، کە بە یەکێک لە ئارامترین و سەقامگیرترین شارەکانی ناوچەکە دادەنرێت."
هەندرێن وەرتی گوتیشی: "هەولێر کارگەی دروستکردنی زێڕی تێدایە، لەوانە نزیکەی 10 کارگە لە عەنکاوە، هەروەها کەسانێک لە پەیڕەوانی ئایینی سابیئەی مەندائی هەن کە لە بازاڕەکانی هەولێر ئەم پیشەیە دەکەن، هاوکات زێڕنگر هەن کە لە بەغداوە دێنە هەولێر بۆ کڕینی زێڕ و دەیگوازنەوە بۆ ئەوێ."