100 دۆلار بە نزیکەی 155 هەزار دینارە و تمەنیش زیاتر دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی رایگەیاند، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەراورد بە ‏دوێنێ‌ یەكشەممە كەمێك بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە زیاتر لە ‏‏154 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ‏رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 26-12-2022 نرخی دۆلار كەمێك دابەزیوە، ئێستا لە بازاڕی سلێمانی 100 دۆلار بە 154 هەزار و 650 ‏دینارە.‏
 
لەبارەی نرخی تمەنیش گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی گوتی، "نرخی تمەن لە نزمترین ئاستدایە و ئێستا 100 دۆلار بە 4 ملیۆن و ‏‏70هەزار تمەنە.‏"
 
بەڵام لە هەولێر، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێک جیاوازترە، رۆژی دووشەممە 26-12-2022، کاژێر 09:30 بەیانی حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "100 دۆلار بە 154 هەزار و 900 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت."
 
دوێنێ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 155 هەزار و 500 دینار، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دیناری عێراقی کەمێک بەرزبووەوە و 100 دۆلار بووە 154 هەزار و 150 دینار.
 
حاجی سابیر هۆکاری دابەزینی دیناری بەرامبەر دۆلار گێڕایەوە بۆ پشووەکانی سەری ساڵ و "گوشاری ئەمریکا لەسەر عێراق، کە دەڵێت پارە بەهەدەر دەدرێت و بەهۆیەوە عێراق کاری چەند بانکێکی راگرتووە."
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام نرخی زۆربەی کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا بەرزکردەوە.
 
ماوەی نزیکەی دوو ساڵ نرخی دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار مایەوە، بەڵام رۆژی 11ی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار لە ئەمساڵدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند.