لە سلێمانی نرخی بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار و موحەسەن و سوپەر 25 دینار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، نرخی بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار و موحەسەن و سوپەر 25 دینار بەرزبووەتەوە. گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆکیش دەڵێت، ماوەی مانگێکە نرخی بەنزین جێگیرە. خاوەنی بەنزینخانەیەکی هەولێریش دەڵێت، نرخی بەنزین لە بەنزینخانەیەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازی هەیە، بەڵام گۆڕانکارییەکی زۆریشی بەسەردا نەهاتووە.
رۆژی دووشەممە 26-12-2022، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نرخی بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار، سوپەر و موحەسەن 25 دینار زیادیکردووە؛ گوتیشی، موحەسەن بە 1200 دینار، نۆرماڵ 1025 دینار، سوپەریش 1325 دینارە.
بەهمەن شێخ قادر گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ نین"، بەڵام چەند هۆکارێک وایکردووە نرخی بەنزین زیاد بکات، وەک کەمی سووتەمەنی.
وەک گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت: "ماوەی یەک مانگە کێشەی کەمی سووتەمەنیمان هەیە و چارەسەریش نەکراوە. هەروەها ئەو بەنزینە بازرگانییەی لە عێراقەوە بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرا ئێستا نانێردرێت، جگە لەوەش بازرگانەکان ناتوانن بەنزینی زۆر بهێنن، چونکە ماوەی رابردوو بەهۆی بەرز و نزمی بۆرسەوە زەرەری زۆریان کرد. هاوکات ئێستا ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بەهای دۆلاری ئەمریکیش دێت رۆڵی خۆی هەیە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین."
لە هەولێر نرخی بەنزین جێگیرە. مەروان یاسین، خاوەنی بەنزینخانەیەکە لە هەولێر و بە رووداوی راگەیاند، ئەم ماوەیە نرخی بەنزین "جێگیرە." نۆرماڵ بە 975 دینار، موحەسەن بە هەزار و 350 دینار و سوپەر بە هەزار و 450 دینارە.
لە پارێزگای دهۆکیش نرخی بەنزین جێگیرە. ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی مانگێکە نرخی بەنزین لە پارێزگای دهۆک "جێگیرە." نۆرماڵ بە 975 دینارە، سوپەر بە هەزار و 340 دینار و موحەسەن هەزار و 90 دینارە. "لە رووی کوالێتیشەوە گلەیی لەسەر نییە و کوالێتی بەنزین باشە."