شەفافیەت: داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 900 ملیار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 894 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا داهاتەکە پار زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە. بەمەش ئەم ساڵ بەراورد بە پار، داهاتی ئەو سنوورە زیاتر لە 5.5 ملیار دینار کەمی کردووە.
رۆژی هەینی ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی مانگێکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 25-11-2025 تاوەکو 26-12-2025، بریتییە لە 60 ملیار و 71 ملیۆن و 779 هەزار دینار.
داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنوور، بەگوێرەی ماڵپەڕەکە 62 ملیار و 62 ملیۆن و 675 هەزار دینار بووە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەرەکە داهاتی هەفتانەی ئەو دوو پارێزگایەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە: لە 20ـی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ داهاتەکە 18 ملیار و 734 ملیۆن و 788 هەزار دینار بووە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە 18 ملیار و 855 ملیۆن و 621 هەزار دینار بووە.
داهاتی پار لەو سنوورانە 900 ملیار و 399 ملیۆن و 748 هەزار دینار بووە. ماڵپەڕەکە رایگەیاندووە، تاوەکو ئەمرۆ داهاتی ئەم ساڵ 894 ملیار و 894 ملیۆن و 449 هەزار دینارە. داهاتی ئەمساڵ بەراورد بە پار، 5,505,299,000 ملیار دینار کەمی کردووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند و لەلایەن نووسینگەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.