نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری شۆکێکی گەورە لە بازاڕی خۆراک دەدات ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت
رووداو دیجیتاڵ
هۆشدارییەکی گەورە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، رۆژی پێنجشەممە گەورە ئابووریناسی رێکخراوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، شەڕی ئێران دەکرێت قەیرانێکی خۆراک بهێنێتە ئاراوە گەورەتر لەوەی دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروستبوو.
ماکسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) رایگەیاند، "کات زۆر بە خێرایی تێدەپەڕێت... پێویستە رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە زووترین کاتدا بدۆزینەوە. چونکە ئەگەر وانەبێت، لێکەوتەکان دەکرێت جیاواز بن، دەکرێت زۆر دراماتیکی بن، تەنانەت خراپتر بن لەوەی لە کاتی جەنگی ئۆکرانیادا روویدا."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە چ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت، ئابووریناسەکە پەنجەی بۆ دوو وڵات درێژکرد کە یەکێکیان دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە.
ماکسیمۆ تۆرێرۆ رایگەیاند، "تورکیا و ئوردن ئەو وڵاتانەن کە لەژێر مەترسیدان بەهۆی ساڵنامەی کشتوکاڵی و بەهۆی پشتبەستنیان بە هاوردەکردن."
ئابووریناسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە ڤیدیۆ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە بەشداربوو، پێشبینیی شۆکێکی گەورە لە بازاڕی خۆراک دەکات کە دەکرێت نرخی شتومەک زۆر زیاتر بەرزببێتەوە، ئەگەر بێت و شەڕی ئێران سێ تاوەکو شەش مانگی دیکە بخایێنێت.
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێران هەیە و کاریگەرییەکانی شەڕی ئێران لەسەری زۆر زیاتر بوون لە گرانبوونی خۆراک، بەڵام رێکخراوە جیهانییەکان زۆر جار ئەم هەرێمە نابینن و رووداو لەو بارەیەوە رۆژی پێنجشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاری کرد.
رووداو: دوێنێ، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ پەسند کرد. بڕیارنامەکە ناوی یەک بە یەکیانی هێناوە، بەحرەین، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە، ئیمارات و ئوردن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە عێراق یان هەرێمی کوردستان نەکردووە، لەکاتێکدا هیچ شوێنێک هێندەی هەرێمی کوردستان قوربانی لەم شەڕەدا نەداوە، ئەمەش وایکردووە خەڵک لە سۆشیاڵ میدیا پرسیار لە متمانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک رێکخراوێک بکەن، کاتێک بڕیارنامەی لەو شێوەیە دەبینن. ئایا سکرتێری گشتی نیگەران نییە [بەرامبەر بەمە]؟"
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: وەک زۆرجار لێرە گوتوومانە، گرنگە ئەگەر خەڵک لە شتێک کە لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا روویداوە نیگەران بن، تێبگەن کە ئەم شتانە لە کوێ روودەدەن. وڵاتانی ئەندام لە دامەزراوە یاسادانەرەکاندا کۆدەبنەوە، چ لە کۆمەڵەی گشتی، یان ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، یان ئەنجوومەنی ئاسایش. وڵاتانی ئەندام دەنگ دەدەن یان دەنگ نادەن بە هەر بڕیارنامەیەک کە خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. کەواتە ئەوە بەرپرسیارێتی ئەوانە و پێویستە لەوێدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. من پێموایە سکرتێری گشتی زۆر راشکاو بووە لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی ئەم ململانێیە بەردەوامەوە زیانیان پێگەیشتووە، لەنێویاندا لە عێراق و لە سەراپای عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.