چین 100 ئامێری فرۆشتنی زێڕی لەسەر شەقامەکان داناوە؛ بە 30 خولەک پارەکەت وەردەگریت
رووداو دیجیتاڵ
لە مۆڵێکی شاری شەنگەهای چین، هاوشێوەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە، ئامێری فرۆشتنی زێڕ داندراوە. خودکارانە، خێرا و لەبەرچاوی خەڵک زێڕەکە دەتوێنێتەوە.
چانگ، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە هەرێمییەکانی ناوچەی ماندەرینە و دەڵێت، "دەتوانن هەموو هەنگاوەکانی پرۆسەکە ببینن، لە پشکنینی زێڕەکە تاوەکو تواندنەوەی، هەموو پڕۆسەکە لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت. هەروەها نرخی راستەوخۆ لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت و نرخەکەشی لەسەر نرخی بۆڕسەی زێڕی شەنگەهای دادەنێین."
سەرەتا ئامێرەکە زێڕەکە دەپشکنێت، پاشان دەیکێشێت و دواتریش لە 1200 پلەی سیلیزی دەیتوێنێتەوە.
دوای تواندنەوە، زێڕەکە سارد دەکاتەوە، پشکنینی دووەمی بۆ دەکات و نرخەکەیشی بەگوێرەی نرخی بۆڕسەی جیهانی دیاریدەکات. هەموو ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت و فرۆشیار دەتوانێت لە ماوەی 30 کاژێردا پارەی زێڕەکەی وەربگرێت.
لیو، هاووڵاتی چینییە و لەبارەی دانانی ئامێرەکەوە باس لەوە دەکات، "من وەکو گەنجێک حەزم لە دووکانی زێڕنگەری کلاسیک نییە، چونکە کاتێک دەچیتە ژوورەوە، خەڵکێکی زۆری لێ کۆبووەتەوە. ئەگەر ئەو ئامێرانە هەبێت، پێویستم بەوە نییە پەیوەندی بە خەڵکێکی زۆرەوە بکەم، پڕۆسەکەش روونترە."
ئامێرەکە وەکو جێگرەوەیەکی مۆدێرن بۆ فرۆشگەکانی زێڕ سەیر دەکرێت، کڕینی زێر ئاسانتر و خێراتر دەکات و تاوەکو ئێستا لە 100 شاری چین داندراوە.
لە کولتووری چینییدا، زێڕ هێمای دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانییە. بە شێوەیەکی نەریتی لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری و فێستیڤاڵەکاندا خەڵک دەیکەنە دیاری.