راپۆرتێک: خەرجییە سەربازییەکانی جیهان بۆ 2.9 ترلیۆن دۆلار بەرزبوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێ دەریدەخات، یازدە ساڵە لەسەر یەک، خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە زیادبووندان و لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە نزیکەی 2.9 تریلیۆن دۆلار. ناسەقامگیری و خۆپڕچەککردن بە هۆکاری بەرزبوونەوەی بودجەی بەرگری دادەنرێن.
ئەمریکا، چین و رووسیا زۆرترین خەرجییان هەبووە. زیاتر لە نیوەی کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە بووە کە پێکەوە ترلیۆنێک و 480 ملیار دۆلاریان خەرج کردووە.
راپۆرتەکە کە لەلایەن پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI) ئامادە کراوە، دەڵێت، "بەراورد بە ساڵی 2024، خەرجییە سەربازییەکانی جیهان 2.9% بەرزبوونەتەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە ساڵی 2025، ئەمریکا کە لەسەر ئاستی جیهان گەورەترین بودجەی بەرگریی هەیە، خەرجییە سەربازییەکانی کەم کردبووەوە."
لۆرێنزۆ سکارازاتۆ، توێژەر و یەکێک لە ئامادەکارانی راپۆرتەکەیە، باس لەوە دەکات، زیادبوونی خەرجییەکانی ئەورووپا و ئاسیا، شوێنی کەمکردنەوەکەی ئەمریکای پڕکردووەتەوە، چونکە جیهان "ساڵێکی دیکەی پڕ لە جەنگ و زیادبوونی گرژییەکانی" بەڕێکرد.
سکارازاتۆ گوتی، ئەمە بووەتە بارگرانییەکی سەربازی بۆ جیهان، لەبەرئەوەی ئەو بەشەی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی جیهان (GDP) کە بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخانکراوە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی 2009ـەوە.
ئەو توێژەرە گوتیشی، "هەموو شتێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی جیهان هەست بە ئارامییەکی کەمتر دەکات و پارە بۆ سوپاکەی خەرج دەکات بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو دۆخە جیهانییە بکاتەوە."
ئەمریکا 954 ملیار دۆلاری خەرجکردووە، کە 7.5% کەمترە لە ساڵی 2024، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ هاوکارییەکی نوێی سەربازی و دارایی بۆ ئۆکراینا پەسند نەکرا. لە کاتێکدا، واشنتن لە سێ ساڵی رابردوودا بەڵێنی پێدانی 127 ملیار دۆلاری بە کیێڤ دابوو.
بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەو کەمبوونەوەیە کاتیی بێت، چونکە کۆنگرێسی ئەمریکا زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار خەرجیی بۆ ساڵی 2026 پەسندکردووە و ئەگەر پڕۆژە بودجەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش پەسند بکرێت، ئەوا ئەو بڕە بۆ ساڵی 2027 دەگاتە یەک تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی خەرجییەکان لەسەر ئاستی جیهان ئەورووپا بوو، بە رووسیا و ئۆکرایناشەوە، کە تێیدا خەرجییەکان 14% بەرزبوونەتەوە و گەیشتنە 864 ملیار دۆلار.
سکارازاتۆ گوتی، "ئەمە دوو هۆکاری سەرەکیی لەپشتە؛ یەکەمیان بەردەوامیی جەنگی ئۆکراینایە، دووەمیشیان کەمبوونەوەی هاوکاری و پابەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ ئەورووپادا."
هەروەها روونیکردەوە کە ئەمریکا "گوشار لە ئەورووپا دەکات بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە بەرگریی خۆی ببەستێت."
ئەڵمانیا، کە لە رووی زۆرترین خەرجیی سەربازییەوە لە ریزی چوارەم دێت، خەرجییەکانی لە ساڵی 2025 بە رێژەی 24% زیادکردوون و گەیشتوونەتە 114 ملیار دۆلار.
هەروەها ئیسپانیا بازدانێکی بە رێژەی 50% تۆمار کردووە و گەیشتووەتە 40 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، بەمەش بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1994ـەوە خەرجییە سەربازییەکانی گەیاندە سەرووی 2%ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی.
ئۆکراینا و رووسیا
بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئۆکرایناوە، هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکراینا خەرجییە سەربازییەکانیان زیادکردووە و هەریەکەیان بەرزترین پشکی خەرجیی حکومییان بۆ سوپا تەرخانکردووە.
خەرجییەکانی رووسیا 5.9% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 190 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 7.5%ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی.
لە بەرامبەردا، ئۆکراینا خەرجییەکانی 20% زیادکردووە و گەیاندوونیەتە 84 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، کە رێژەیەکی سەرسوڕهێنەرە و دەکاتە 40%ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی ئەو وڵاتە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سەرەڕای بەردەوامیی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام خەرجییەکانی ئەو ناوچەیە بە رێژەیەکی زۆر کەم بەرزبوونەتەوە، کە تەنیا 0.1% بووە و گەیشتووەتە 218 ملیار دۆلار.
لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە خەرجییەکانیان زیادکردووە، ئیسرائیل و ئێران کەمبوونەوەیان تۆمارکردووە.
لە ئێران، خەرجییەکان 5.6% دابەزین و گەیشتوونەتە 7 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، بەڵام هۆکاری ئەمە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە کە 42% بووە.
توێژەران روونیان کردەوە کە کەمبوونەوەی خەرجییەکانی ئیسرائیل بە رێژەی 4.9% بۆ 48 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، رەنگدانەوەی هێوربوونەوەی جەنگی غەززەیە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی کانوونی دووەمی 2025. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێشتا خەرجییەکانی ئیسرائیل بە رێژەی 97% بەرزترە بەراورد بە ساڵی 2022.
ئاسیا و ئۆقیانووسیا
لە کیشوەری ئاسیا و ئۆقیانووسیا، خەرجییەکان گەیشتوونەتە 681 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 8.5% بەراورد بە ساڵی 2024 بەرزبوونەتەوە؛ ئەمەش گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەیە لەو ناوچەیەدا لە دوای ساڵی 2009ـەوە.
سکارازاتۆ گوتی، "لایەنێکی سەرەکی" لە ناوچەکەدا چین بووە، کە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا ساڵانە خەرجییەکانی زیادکردووە، و مەزەندە دەکرێت لە ساڵی 2025ـدا 336 ملیار دۆلاری خەرج کردبێت.
گوتیشی: "بەڵام لەوانەیە ئەوەی جێگەی سەرنج بێت، کاردانەوەی هەندێک وڵاتی دیکە بێت، وەک کۆریای باشوور، ژاپۆن و تایوان، کە کاردانەوەیان بۆ هەستکردن بە هەڕەشەکان هەیە."
ژاپۆن خەرجیی سەربازیی بە رێژەی 9.7% بەرزکردەوە و لە ساڵی 2025ـدا گەیاندیە 62 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، کە دەکاتە 1.4%ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی و بەرزترین پشکیەتی لە دوای ساڵی 1958ـەوە، لە کاتێکدا تایوان خەرجییەکانی بە رێژەی 14% بۆ 18 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیادکردن.