وردەکاریی ناکۆکیی نوێ لەنێوان پارتى و یەکێتى لە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

پاشەکەوتى مووچە و رێگەپێدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ سکاڵاکردن لە بەغدا لەسەر پشکەکەى، خاڵى ناکۆکیی نوێى نێوان هەردوو فراکسیۆنەکانى یەکێتى و پارتییە لە پەرلەمانى عێراق، کە بۆ پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى زیادکراوە و بووەتە جێگەى تۆمەتبارکردنى یەکدى. 
 
لە 25ـی ئایارەوە ناکۆکییەکى نوێ لەنێوان فراکسیۆنەکانى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق دروست بووە، لەبارەى چەند گۆڕانکارییەک لەو مادانەى پشکى هەرێمى کوردستانیان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق دیاریکردووە.
 
27ـی ئایارى 2023، سۆزان مەنسوور، گوتەبێژى فراکسیۆنى یەکێتی نیشتیمانیى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "سێ داوامان هەبووە، دانەوەى پاشەکەوتى مووچە، مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پەیوەست نەکرێت بە ناکۆکیى سیاسییەوە و داواى سێیەممان پەیوەستە بە پارێزگاى هەڵەبجەوە؛ با وەک ناو نەبێت و لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بودجەیەکى بۆ تەرخان بکرێت". 
 
بەگوێرەى ئەو سێ گۆڕانکارییە، مانگانە پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە رێژەى 10%ـی تێکڕاى مووچەى فەرمانبەرەکە دەدرێتەوە، هاوکات پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەتوانن لە حکومەتى فیدراڵى، سکاڵا بکەن "ئەگەر ستەمی لێکرا" لە پشکى بودجەکەى بۆ ئەوەى پشکەکەى لەلایەن بەغداوە بنێردرێت و لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان ببڕدرێت، هاوکات حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندکراوە بەوەى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان، لە پێشینەى کارەکانى بێت بەبێ جیاوازیکردن.    
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لەڕێگەى پێشنیازەکەوە، دەمانەوێت هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکرێت، بەتایبەت لە بودجەدا".
 
گۆڕانکارییەکان لە مادەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کراون، کە نوێنەرى یەکێتى لە لیژنەى دارایی واژۆی کرد و، هەردوو نوێنەرەکەى فراکسیۆنى پارتى بایکۆتى ئەو کۆبوونەوەیان کرد، کە تێیدا دەنگ لەسەر پێشنیازەکە درا.
 
شوان محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەوەى پەیوەستە بە قەرەبووى پاشکەوتى مووچە، پێشتر هەوڵدرا کە ئەو پاشەکەوتە لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بدرێتەوە کە ئەوان بەرپرسن لێى، بەڵام بەگوێرەى پێشنیازەکەى یەکێتى، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى قەرەبووى خۆى بکاتەوە".
 
شوان محەممەد ئاماژەى بەوەش دا، پێشنیازێکى دیکەى یەکێتى بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کە لێى نیگەرانن ئەوەیە؛ پارێزگایەکى هەرێمى کوردستان بتوانێت لە بەغدا سکاڵا بکات و پشکەکەى وەربگرێت، ئەوە زیان بە یەک قەوارەیی هەرێمى کوردستان دەگەیێنێت و بەیەک پارچەیی نامێنێتەوە.
         
27ـی ئایارى 2023، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوەی یەکێتی لە بودجەدا کردی، هیچی کەمتر نییە لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر".
 
گوتەبێژى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت "بەلامانەوە سەیرە ئەو ناڕەزایەتییانە دروستبوون، دواکارییەکانى ئێمە رەوایە و لەپێناو هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بووە و ئەوەى کردوومانە، زیادکردنە" .
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق 16 تریلیۆن دینارە لە کۆى قەبارەى بودجەکە، کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.