ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 3380 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕی دابەزاند، بەڵام دابەزینی نرخی زێڕ لەبەر ناکۆکیی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی، سنووردار بوو.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رۆژی چوارشەممە بە رێژەی 0.2% دابەزی و بە 3384 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3434 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و هەر ئەوەش بووە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە ماوەی کورتمەودا بازرگانانی زێڕ بە مەبەستی کۆکردنەوەی قازانج دەستیان بە فرۆشتنی زێڕ کردووە، لەبەر ئەوەش نرخی زێڕ دابەزیوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا نرخی زێڕ ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، بەتایبەتی بەهۆی هەڵوێستی بانکەکە لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی.
 
وۆنگ پێشبینی دەکات هێندە نەخایێنێت کە نرخی زێڕ بگات 3400 دۆلارو 3435 دۆلار.
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، بەنیازە لیزا کۆک، یەکێک لە پارێزگارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کارەکەی دووربخاتەوە، ئەوەش لەلایەن بازاڕەکانەوە بە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیریی هەژمار دەکرێت، کە دەتوانێت گومان لەسەر سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دروستبکات.