نرخی یەک دۆلار 98 هەزار تمەنی ئێرانیی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ئەمڕۆ چوارشەممە بەراورد بە رۆژی رابردوو نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن گۆڕانکاریی بەخۆیەوە نەبینیوە و بازرگانان چاوەڕێی کردنەوەی بازاڕی فیزیکی دراوی تاران دەکەن، بەڵام لە دوێنێوە بازاڕی دراوی تاران رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی فرۆشتنی تمەن بووەتەوە.
نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە دوێنێوە، 1750 تمەن بەرزبووەتەوە و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 98 هەزار و 50 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەو پێیەش نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە ماوەی یەک هەفتەدا بە رێژەی 4.31% بەرزبووەتەوە، لە ماوەی 6 مانگیشدا بە رێژەی 5.43% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بازرگانان نیگەرانن کە هیچ هەواڵێکی ئەرێنی نییە لەسەر ئەگەری بەڕێوەچوونی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
هەروەها نیگەرانن لەوەی ئێران و ئەورووپا نەگەنە رێککەوتن لەسەر بابەتی ئەتۆمی و سزا قورسەکانی ئەورووپا لەسەر ئێران دووبارە بسەپێندرێنەوە.