نرخی ئۆنسەیەک زیو 46 دۆلاری تێپەڕاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ داخرانی بازاڕەکان نرخی زیو بۆ سەرووی 46 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە 14 ساڵی رابردوودا. 
 
ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەی رێژەی سوود و کەمبوونەوەی بەردەستی فیزیکیی زیو لە بازاڕەکاندا.
 
بەم پێیە، نرخی کیلۆیەک زیو گەیشتە هەزار و 647 دۆلار.
 
دوایین راپۆرتی پێنوێنی خەرجییەکانی بەکاربەر (PCE) نیشانیدا کە گوشاری هەڵاوسان بەجێگیری ماوەتەوە، ئەمەش ئەو بۆچوونەی بەهێزتر کرد کە بانکی ناوەندی ئەمریکا دەرفەتی هەیە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوو لە ئەم ساڵدا. 
 
بازاڕەکان پێشبینی جووڵەیەکی دیکەی کەمکردنەوەی سوود لە مانگەکانی داهاتوودا دەکەن، ئەمەش تێچووی هەڵگرتنی سەرمایە ناجێگیرەکان کەم دەکاتەوە و داواکاری لەسەر کانزا گرانبەهاکان زیاد دەکات.
 
هاوکات، خواست لەسەر بەکارهێنانی زیو بۆ مەبەستی پیشەسازی بە بەهێزی ماوەتەوە. بەکارهێنان لە بواری پانێڵی وزەی خۆر، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کۆی گشتیی بەکارهێنانی پیشەسازی زیوی گەیاندووەتە سەرووی 700 ئۆنسە و هێشتا لە بەرزبوونەوەدایە.
 
لەلایەکی دیکەوە، خستنەڕوو لە بازاڕدا ناتوانێت بەهەمان خێرایی لەگەڵ خواستدا بڕوات، چونکە زۆربەی زیو وەک بەرهەمێکی لاوەکی لە کانزاکانی مس، قورقوشم و زینک بەرهەم دەهێنرێت. بەم شێوەیە، بەرهەمهێنان لە ساڵی 2025ـدا تەنیا کەمێک زیادیکرد و گەیشتە نزیکەی 844 ملیۆن ئۆنسە و نەیتوانیوە کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە.
 
پەیمانگای زیو پێشبینی دەکات کە لە ساڵی 2025ـدا بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک، کورتهێنان لە خستنەڕووی زیودا هەبێت، بەجۆرێک کە خواست لەسەر زیو زیاتر لە 100 ملیۆن ئۆنسە لە خستنەڕوو زیاتر بێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەگی زیو.