کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەندەری جەیهان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەمپە سەرەکییەکانی لایەنی تورکیاوە گەیشتە بەندەری جەیهان.
کاژێر 6:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکرد.
عامر خەلیل ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بۆ غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو قسەی کرد و رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت رۆژانە نزیکەی 190 هەزار بەرمیل لە وێستگەی FKMSـەوە وەربگیرێت و بە بۆریی هەناردەی نەوتی عێراق-تورکیادا تێپەڕێت تاوەکو دەگاتە وێستگەی PS3 لە تورکیا. لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە مەبەستی بەبازاڕکردنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "ئێستا نەوت گەیشتووەتە بەندەری جەیهانی تورکیا، واتە پاڵەپەستۆکان دەستیان بە بەرزبوونەوە کردووە و ئاستی کۆگاکانیش بەرز دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی گەیشتنی نەوتە بە بەندەری جەیهانی تورکیا."
عامر خەلیل ئەحمەد، گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکمان نییە و رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبووینەتەوە. پرۆسەی هەناردەکردن و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و پاڵپێوەنانی نەوت لە رێگەی پەمپە سەرەکییەکانەوە بە بۆریی گواستنەوە لە وێستگەی FKMSـەوە بۆ PS3 زۆر ئاسان بوو و تاوەکو ئێستا رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبووینەتەوە."
بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور دواتر بۆ رۆژنامەڤانان دوا و رایگەیاند، "لەسەر راسپاردەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران و بەدواداچوونی وردی بەڕێزان وەزیری نەوت و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان و بە هاوکاریی راستەوخۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەمڕۆ، هەناردەکردنەوەی ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستانەوە وەردەگیرێت، دەستیپێکردەوە. سوپاس بۆ خودا کاژێر 6:00ی بەیانی، دەست بە هەناردەکردنی نەوت کرایەوە."
راشیگەیاند، بڕی 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت و بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا زیاد بکرێت. پرۆسەی هەناردەکردنەکە رووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک نەبووەوە و پرۆسەیەکی زۆر ئاسان بوو بە هاوکاریی هەموو لایەک، ستافەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و ستافی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ستافەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی: "سوپاس بۆ خوا پرۆسەی دەستپێکردنەوە و هەناردەکردنی نەوت زۆر بە ئاسانی بەڕێوەچوو. سوپاس بۆ خوا نەوتی هەرێم گەیشتە نێو خاکی تورکیا و وێستگەی PS3 و لەوێشەوە پاڵپێوەنرا بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە مەبەستی بەبازاڕکردنی لە بازاڕەکانی جیهاندا."
لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و، 24 بۆ 48 کاژێر پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان.