بازاڕی قەیسەری کەرکووک ئاگریگرت و بە دەیان دووکان سووتان

رووداو - کەرکووک 


شەوی رابردوو بازاڕی کۆنی کەرکووک ئاگریگرت و بەهۆیەوە بە دەیان دووکان سووتان و زیانێکی زۆریش بەر دووکاندارەکان کەوت.


هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، کاژێر 12:15 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بازاڕی قەیسری کەرکووک لە ناوەڕاستی ئەو شارە ئاگریگرت و بەهۆیەوە بەشێکی بەرچاو لە بازاڕەکە سووتاوە و بە سەدان دووکانداریش زەرەرمەند بوون. 

پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بازاڕەکە شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگ و بۆن بووە بە خێرایی تەشەنەی کردووە و بۆیە تیمەکانی بەرگری شارستانی بە ئەستەم توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن و هەروەها خاوەن دووکانەکانیش نەیانتوانی بەشێک کەلوپەلەکانیان رزگار بکەن. 

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە شۆرتی کارەبا هۆکاری دروستبوونی ئاگرەی بازاڕی کەرکووک بووە. 

 

قەیسەری كەركووك لە ساڵی 1855 لەلایەن عوسمانییەكان دروستكراوە و دوایین نۆژەنكردنەوەشی لە ساڵی 1978 بووە.

قەیسەری كەركووك 365 دووكانی تێدایە، وەكو ئاماژەیەك بۆ رۆژەكانی ساڵ، هەروەها 24 رێڕەو وەكو ئاماژەیەك بۆ كاژێرەكانی رۆژ، لەگەڵ 12 ژوور لە نهۆمی سەرەوە ئەوەش ئاماژەدانە بەوەی ساڵ لە 12 مانگ پێكهاتووە، 7 دەرگا وەكو ئاماژەدان بۆ هەفتە.

قەیسەری كەركووك بە قایە (بەردی گەورە) و گەچ لەسەر شێوازی عەباسییەكان دروستكراوە و چەند مەترێك لە قەڵای كەركووكەوە دوورە.



داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن