سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق: مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆران خەرج کرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی فیدراڵی فەرمانی خەرجکردنی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، بڕیارە ئەو فەرمانە 30ى تشرینی دووەم بگاتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی و هەمان رۆژ پارەی مووچە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی حکومەتی عێراقەوە رایگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی 9ی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە و سەرجەم رێکارەکانی تەواو کردووە و نووسراوی ئاڕاستەی لقی هەولێری بانکی ناوەندی کردووە بۆ ئەوەی مووچەی ئەو مانگە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بکات.
پارەی مانگانەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارە، بەر لەو هەنگاوەی بەغدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرد.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند: زانیارییان هەیە کە بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەرکراوە، بەڵام بڕیارەکە بەفەرمى نەگەیشتووەتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، نەگەیشتنی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 9، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە بەهۆی کۆتاییهاتنی دەوامى فەرمى ئەو سیستمە دادەخرێت کە بۆ پەیوەندیی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵ و لقی هەولێری بانکی ناوەندی بەکار دەهێنرێت و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە، 30ى تشرینی دووەم، ئەو نووسراوەیان پێ بگات و هەمان رۆژ پارەی مووچە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەدوای بڕیاری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچە، دەبێت هۆبەى پارەدانی وەزارەتەکە لە رێگەی ئەو سیستمەوە لقی هەولێری بانکی ناوەندی ئاگادار بکاتەوە بۆ خەرجکردنی پارەکە، تاوەکو بیداتە وەزارەتی دارایی و ئابووری و دواتریش دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.