دەستەی وەبەرهێنان: ئەمساڵ بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار مۆڵەت بە 89 پڕۆژە دراوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 89 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار مۆڵەتی دروستکردنیان پێدراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 27-12-2022، بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو پڕۆژانەی ئەمساڵ مۆڵەتمان پێداون زۆرینەیان بۆ وەبەرهێنی نێوخۆیی بوون. لە کۆی 89 پڕۆژە تەنیا دوو پڕۆژەیان وەبەرهێنی بیانی بوون".
 
بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بەوەکرد کە ساڵانی رابردوو مۆڵەتی وەبەرهێنان زۆرینە بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بووە، بەڵام ئەمساڵ هەمەجۆر بوون و تەنیا شەش مۆڵەتیان بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بووە.
 
بەرگەشت ئاکرەیی گوتی، ساڵی 2022 مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی 89 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی دوو ملیار و 135 ملیۆن و 418 هەزار و 819 دۆلار لەسەر رووبەری دوو هەزار و 395 دۆنم زەوی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دراوە؛ بەشێکیان تەواوکراون، بەشێکیشیان لەکاردان و بەشەکەی دیکەیان ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێن.
 
ئەو پڕۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2022 مۆڵەتی پێداون بەمشێوەیەی خوارەوە بوون: 
 
- سێکتەری بازرگانی؛ 26 پڕۆژە بە سەرمایەی 227 ملیۆن و 285 هەزار و 811 دۆلار.
- سێکتەری پیشەسازی؛ 26 پڕۆژە بە سەرمایەی 577 ملیۆن و 561 هەزار و 701 دۆلار.
- سێکتەری تەندروستی؛ 10 پڕۆژە بە سەرمایەی 76 ملیۆن و 797 هەزار و 187 دۆلار.
- سێکتەری گەشتیاری؛ حەوت پڕۆژە بە سەرمایەی 153 ملیۆن و 255 هەزار و 550 دۆلار.
- سێکتەری فێرکردن؛ حەوت پڕۆژە بە سەرمایەی 74 ملیۆن و 736 هەزار و 212 دۆلار.
- سێکتەری نیشتەجێبوون؛ شەش پڕۆژە بە سەرمایەی 922 ملیۆن و 383 هەزار و 905 دۆلار.
- سێکتەری کشتۆکاڵ؛ پێنج پرۆژە بە سەرمایەی 96 ملیۆن و 268 هەزار و 900 دۆلار.
- سێکتەری بانک؛ پڕۆژەیەک بە سەرمایەی 4 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار.
- سێکتەری وەرزشی؛ پڕۆژەیەک بە سەرمایەی 3 ملیۆن و 29 هەزار و 553 دۆلار.
 
بەرگەشت ئاکرەیی گوتی، 87 لە پڕۆژەکان لەلایەن وەبەرهێنەرانی نێوخۆییەوە بە سەرمایەی دوو ملیار و 79 ملیۆن و 121 هەزار و 19 دۆلار جێبەجێ دەکرێن. هاوکات پڕۆژەیەک لەلایەن وەبەرهێنەرێکی لوبنانی بە سەرمایەی 48 ملیۆن و 97 هەزار و 800 دۆلار و پڕۆژەیەکیش لەلایەن وەبەرهێنەرێکی تورکی بە سەرمایەی 8 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.