چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی ئەم هەفتەیە چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت و سێ مانگ دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی لیرەی کۆن و گۆڕینی بە چاپە نوێیەکە.
عەبدولقادر حەسریە، حاکمی بانکی ناوەندیی سووریا بۆ میدیای سووریا ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕینی لیرەی کۆن بە دراوە نوێیەکە بە شێوەیەکی "نەرم و رێکخراو" دەبێت.
گوتیشی: "بانکی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا سەقامگیریی لە نرخی ئاڵوگۆڕدا بەدیهێناوە و چاپی نوێی دراوەکە نابێتە هۆی زیادبوونی بڕی پارە لە بازاڕدا، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەڵاوسان."
بەپێی مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی سووریا، رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک وادەی دەستپێکردنی گۆڕینەوەی دراوە کۆنەکە بە دراوی نوێی سووریا دیاریکراوە، واتە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە.
حەسریە ئاشکرایکرد، پرۆسەی کێشانەوەی دراوە کۆنەکان سێ مانگ دەخایەنێت و ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لە پارێزگاکان بتوانن بە ئاسانی پارەکانیان بگۆڕنەوە.
عەبدولقادر حەسریە جەختی لەوە کردەوە کە بانکەکەیان سوورە لەسەر پاراستنی پاشەکەوتی هاووڵاتییان و بۆ ئەم مەبەستەش "رێبەرییەکی تایبەت" بڵاودەکەنەوە کە تێیدا هەموو رێکارەکانی گۆڕینەوەی دراوەکە روونکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دراوە نوێیەکە خاوەن تایبەتمەندییەکی ئەمنی بەرزە، بە جۆرێک کە ساختەکردنی زۆر قورس و ئەستەمە، ئەوەش متمانە بە لیرەی سووری زیاد دەکات.
حاکمی بانکی ناوەندی راشیگەیاند، بانکەکە لە نێوان 25 بۆ 27ـی ئەم مانگەدا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ تەواوکردنی دوایین ئامادەکارییەکان.
بڕیارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی تایبەتدا، وردەکاریی زیاتر و میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بۆ رای گشتی سووریا و میدیاکان بخرێتەڕوو.