جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی نەوت بەبێ گۆڕانکاری درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، عێراق مانگی 10 بە بەهای نزیکەی 7 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە و لە مانگی 11 دابەزیوە بۆ نزیکەی شەش ملیار. گوتیشی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ سێ مانگ درێژکراوەتەوە.
د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و تاوەکو 31ـی ئاداری 2026 درێژ کراوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا نەکراوە."
درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە و یاسای نەوت و گاز
جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بە شێوەی "سێ مانگ بە سێ مانگ" دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجەی نوێ پەسند دەکرێن. روونیشیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان نەکراوە و مەرجەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.
ئاستی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت
سەبارەت بە بڕی هەناردەکردن، د. حەمدی شنگالی ئاشکرای کرد: "ئێستا تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ ناوخۆ تەرخان کراوە."
گوتیشی: "بەرهەمهێنان کەمێک لەو بڕە زیاترە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بیرەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەستابوون و هەروەها بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان جێگیر نییە."
لەبارەی کوالێتی نەوتەکەشەوە، شنگالی رایگەیاند جاران کوالێتیی نەوتی کوردستان (API)ـەکەی 29 بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ نزیکەی 27، چونکە ئەو مادانەی پێشتر تێکەڵی دەکرا، ئێستا تێکەڵی ناکرێت.
هەڵوێستی تورکیا: فراوانکردنی رێککەوتنەکە
لەبارەی رۆڵی تورکیاوە، د. حەمدی گوتی: "تورکیا زۆر بە جدی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکات و بۆرییەکە بە سەرچاوەیەکی گرنگ دەزانێت، بەڵام ئەنقەرە خوازیارە رێککەوتنەکە فراوانتر بێت و تەنها نەوت نەگرێتەوە، بەڵکو وزە، کارەبا و تەنانەت پڕۆژەکانی ئاویش بگرێتەوە."
دۆخی دارایی عێراق و مەترسی لەسەر مووچە
بەشێکی قسەکانی جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ تایبەت بوو بە دۆخی دارایی عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ناوبراو هۆشداری دا لە دابەزینی داهاتی عێراق و گوتی: "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 60 دۆلار، داهاتی مانگانەی عێراق لە 8 بۆ 10 ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ نزیکەی 6 بۆ 7 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا تەنها مووچەی فەرمانبەرانی عێراق نزیکەی 6 ملیار دۆلارە."
سەبارەت بە مووچە نەدراوەکانی کۆتایی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان، د. حەمدی بە راشکاوی گوتی: "نابێت مووچەی فەرمانبەران بفەوتێت و مافی خۆیانە. ناکرێت مووچەی هاووڵاتیی کورد گرێبدرێت بە کێشەی نەوت یان هەر کێشەیەکی دیکەوە. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنی نەوتیش هەر بۆ ئەوە بووە کە پارە بۆ خەڵک دابین بکرێت."
گرێبەستی BP لە کەرکووک و ماددەی 140
لەسەر پرسی گرێبەستی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای BP بۆ کێڵگەکانی کەرکووک، شنگالی رەخنەی لە نەبوونی هەماهەنگی گرت و گوتی: "ئەو ناوچانە بەپێی ماددەی 140 ناوچەی جێناکۆکن، ناکرێت عێراق بەبێ رەچاوکردنی ئەمە گرێبەست بکات. باشتر بوو حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکردایە."
جەختیشی کردەوە، سەرکردایەتی کورد پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور، بەتایبەت مادەی 140، ئەنجوومەنی فیدراڵی و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ:
رووداو: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوت تاکەی دەبێت؟ واتە بۆ ماوەی سێ مانگ درێژتان کردووەتەوە؟
د. حەمدی: بەڵێ، تاوەکو 31ی 3
رووداو: بۆچی سێ مانگ کاک حەمدی؟
د. حەمدی: خۆی سێ مانگ بوو، رێککەوتنمان کرد لە سەرەتاکەوە سێ مانگ سێ مانگ بێت.
رووداو: سێ مانگی رابردوو پەیوەندی بە ساڵی تازەوە نەبوو؟ پەیوەندی بە بودجەوە نەبوو؟ یاسای بودجە و ساڵی نوێ و ئەوانە؟ یان هەر رێککەوتنەکە وایە سێ مانگ سێ مانگ؟
د. حەمدی: دەتوانی وا بڵێیت، بەڵام سێ مانگەیە هەتا دەگەینە یاسای نەوت و گاز و بودجەی تازە، ئینجا سێ مانگی سێ مانگی دەڕوات.
رووداو: رێککەوتنەکە وەک خۆی درێژ کرایەوە یان هیچ گۆڕانکاری تێدا کرا؟
د. حەمدی: نەخێر هیچ گۆڕانکاری تێدا نەکراوە، وەک خۆیەتی.
رووداو: واتە کۆمپانیاکانیش بە هەمان داواکاری و مەرج و ئەوانە رازین؟ یان قسە لەگەڵ ئەوانیش کراوە؟
د. حەمدی: نەخێر موناقەشە نەکراوە، تەنها وەک خۆی درێژ کرایەوە.
رووداو: تورکیاش؟
د. حەمدی: تورکیا بابەتێکی دیکەیە، ئەو هیچ حەقی بەم بابەتەوە نییە، نەک داواکاری، بەڵکو باسی ئەو رێککەوتنەی کۆمپانیا بیانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ عێراق دەکات.
رووداو: ئێستا ئاستی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت چەندە لە کوردستان کاک حەمدی؟
د. حەمدی: لە کوردستان ئێستا هەناردە بە تێکڕا وەربگرین نزیکەی 200 هەزار بەرمیل رۆژانە دەڕوات ئێستا.
رووداو: 50 هەزاریش بۆ نێوخۆ و پاڵاوگەکان؟
د. حەمدی: بەڵێ.
رووداو: رێککەوتنی عێراق و تورکیا ئەمساڵ تەواو دەبێت کاک حەمدی، پێشتریش تورکیا پاکێجێکی ناردبوو بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە و ئەوانە. گرفت دروست دەبێت یان پێت وایە رێککەوتنەکە درێژ دەکرێتەوە لەگەڵ تورکیا؟
د. حەمدی: درێژ دەکرێتەوە، چونکە تورکیا زۆر بە جیدی وەریگرتووە ئەو بابەتە و زۆر گرنگی پێداوە، هەروەها عێراقیش گرنگی پێداوە چونکە بەڕاستی سەرچاوەیەکی زۆر زۆر گرنگە بۆ عێراق ئەو رێگایە (ئەو بۆرییە)، بەڵام تورکیا حەزی لێیە زیاتر راوێژی پێ بکرێت نەک تەنیا ببێتە هەناردەی نەوت لەوێ بێت، بەڵکو وزە و کارەبا و تەنانەت ئاویش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە بکرێت.
رووداو: تورکیا پرۆژەیەکی نارد، با بڵێین پرۆپۆزەڵێکی نارد بۆ ئەم بابەتە، عێراق رەزامەندی لەسەر کردووە؟
د. حەمدی: مەسەلە رەزامەندی نییە، مەسەلە گفتوگۆیە، دانوستانەکە لە بەینی هەردوولا هەیە و ئەوە سێ چوار کۆبوونەوەیان کردووە لەسەر ئەو بابەتانە.
رووداو: کاک حەمدی بەو پێیەی کە 200 هەزار هەناردە دەکرێت، 50ش بۆ ناوخۆ بێت، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان 250 هەزار بەرمیلە لە هەرێمی کوردستان؟
د. حەمدی: بەرهەمهێنان بەرەو زیادبوون دەڕوات، دەتوانم بڵێم چونکە ئەو کێڵگانە و بیرانە هەمووی راوەستا بوون دوو ساڵ، زیانێکی زۆر گەورەیان پێکەوتبوو، هەروەها لێدانی درۆن و ئەوانەش کاریگەری لێ کردبوو، لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم وردە وردە، نەک ئەوەهایە.
رووداو: ئێستا بەرهەمهێنان چەندە لە کوردستان؟
د. حەمدی: پێت دەڵێم هەر ئەوەندەیە، واتە دەچێتە سەرێ و دێتە خوارێ، لەبەرئەوە بە نزیکەیی وەری دەگرین ئێمە.
رووداو: بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە هەیە، دەبێ 50 بۆ نێوخۆ بێت، 230 دیکەی بۆ عێراق بێت کەی دەگاتەوە ئەو ئاستە؟
د. حەمدی: ئێمە ئیش دەکەین لەسەر ئەو بابەتە.
رووداو: ئەگەر زیاتر بێت لەو ئاستە هەر 50 گل دەدەنەوە و ئەوی تری دەدەن بە عێراق؟
د. حەمدی: بە گوێرەی پێویستی کوردستانە، چەندی پێویست دەبیت.
رووداو: بڕیار وابوو ئەو 50 هەزارەی کە بۆ نێوخۆ تەرخان دەکرێت، دوایی پێداچوونەوەی پێدا بکرێت بەپێی پێویستی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان پێویستی بە 50ـە یان زیاتر بۆ ناوخۆ؟
د. حەمدی: زانیاریم لەسەری نییە، هەرێمی کوردستان دەزانێت.
رووداو: کاک حەمدی بڕیار وابوو کۆمپانیایەکی نێوەندگیر بێت بۆ دیاریکردنی ئاستی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بۆچی تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبووە؟
د. حەمدی: ئەو بابەتە گرێدراوە زیاتر بە وەزارەتی نەوت، چونکە دەزانی ئێمە سۆمۆ تەنها مارکێتینگین (بەبازاڕکردنین)، ئێمە ئیشمان هەر ئەوەندەیە نەوت دەفرۆشین. ئەو بابەتە پەیوەستە بە وەزارەتی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا باوەڕ ناکەم هاتبن.
رووداو: عێراق ئێستا چەند نەوت دەفرۆشێت کاک حەمدی رۆژانە؟
د. حەمدی: چەند نەوت دەفرۆشێت، ئەگەر بە باشوور وەریبگرین، بە کێڵگەکانی باشوور و ئەوانە، نزیکەی 3 ملیۆن و 400 هەزار رۆژانە.
رووداو: بەبێ هەرێمی کوردستانە؟
د. حەمدی: نەخێر (بەبێ ئەو).. 3 ملیۆن و 400 هەزار، 200 هەزار دێتە سەر (هی هەرێمی کوردستان) دەبێتە 3 ملیۆن و 600 هەزار بە نزیکەیی.
رووداو: ئۆپێک چەندی بۆ دیاری کردووە کاک حەمدی؟
د. حەمدی: ئۆپێک تا ئێستا.. واتە با بڵێین گۆڕانکاری هەبوو، ئەو ماوەیە تۆزێک ورد بوو لەگەڵ ئێمە با بڵێین ئاسان بوو لەگەڵ ئێمە، بەس ئێستا وابزانم 3 ملیۆن و بەرەو 600، هەر هەمان ئەوەیە، 600 و 650ـیە، واتە بەو شێوەیە.
رووداو: واتە ئەو بڕەی کە ئۆپێک دیاریکردووە هەر ئەوەندە دەفرۆشن، زیاد و کەم ناکەن؟
د. حەمدی: ئۆپێک دیاری ناکات، حەقی بە هەناردە نییە زیاتر، حەقی بە بەرهەمهێنانە.
رووداو: لە دوای رێککەوتنەکەوە چەند نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە؟
د. حەمدی: دەتوانم بڵێم 13 ملیۆن و نیو، تاوەکو 14 ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە.
رووداو: ئەم 13 ملیۆن و نیوە داهاتە چەند بووە بۆ عێراق؟
د. حەمدی: داهاتەکەی بە نزیکەیی 700 ملیۆن دۆلار بووە.
رووداو: ئێستا نەوتی عێراق بە چەند دەفرۆشرێت لە بازاڕەکانی جیهاندا؟
د. حەمدی: چونکە دەزانی دۆخی عێراق، دۆخی نەوت لە جیهان بەرەو خراپ دەچێت، چونکە ئێمە کە دەفرۆشین خستنەڕوو و داواکارییە، چەند خستنەڕوو هەیە و چەند داواکاریی هەیە. خستنەڕوو زۆرە ئێستا، لەبەرئەوە کاریگەری هەبووە لەسەر نرخی نەوت، ئێمە نزیکەی چووەتە 60، 59، 61.
رووداو: نەوتی هەرێمی کوردستانیش هەر بەوانە دەفرۆشرێت؟
د. حەمدی: تەواو وەکی خۆی، سۆمۆیە، هەمووی بە یەک نرخ دەفرۆشین.
رووداو: نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کوێ دەڕوات ئێستا کاک حەمدی؟
د. حەمدی: دەتوانی بڵێی بۆ ئەورووپا، و بۆ هەردوو ئەمریکاش دەچێت.
رووداو: داواکاری زۆرە لەسەر نەوتی کوردستان؟
د. حەمدی: داواکاری زۆرە، دەزانی چییە مەسەلە ئەو نییە، باسم کرد
رووداو: فەرقی نەوتی کوردستان لەگەڵ نەوتی ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیە لەڕووی کوالێتییەوە؟
د. حەمدی: وەختی خۆی باشتر بوو، واتە نەوتی کوردستان تەقریبەن 29 بوو APIـیەکەی، ئێستا هاتووەتە خوارێ. هەندێک مادەیان لەگەڵی زیاد دەکرد، ئێستا ئەو مادانە زیاد ناکرێن، لەبەرئەوە کوالێتییەکەی دەتوانی بڵێی 27ـە API.
رووداو: پێشتر باسی ئەوە دەکرا کە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کەوتەکار، نەوتی کەرکووکیش تێکەڵ بکرێت، بەشێک لە نەوتی کەرکووکیش لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بفرۆشرێت؟
د. حەمدی: دەکرێت و گفتوگۆشی لەسەر کراوە، بەس ئێستا حاڵی حازر نەوتی کەرکووک بۆ هەناردەکردن نییە.
رووداو: گەیشتە هەناردەکردن هەرێمی کوردستان ئەوە دەکات بۆ عێراق؟
د. حەمدی: دەبێ بیکات، وا بزانم شتێکی باشە بۆ ئێمەش و بۆ ئەوانیش، بەس ئەو وەختە دەتوانین گفتوگۆیەکی لەسەر بکەین.
رووداو: هەر لە کەرکووک کاک حەمدی، کاتی خۆی کە عێراق رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای BP کرد بۆ پەرەپێدان، هەرێمی کوردستان ناڕازی بوو. هەرێمی کوردستان ئێستا نەهاتووەتە گفتوگۆکانەوە، نەهاتووەتە رێککەوتنەکانەوە لەگەڵ BP؟ چونکە ئەو ناوچانە ناوچەی کێشەلەسەرن، ناوچەی ماددەی 140ـن.
د. حەمدی: باوەڕ ناکەم هیچ گفتوگۆیەک کرابێت چونکە من ئاگام لێ نییە ئەگەر شتێکی وابێت. بەڵام لە راستیدا ئەو بابەتە حەساسیەتی تێدایە. ئەو شوێنە، بتەوێ یانا، کەرکووک تاوەکو ئێستا مادەی 140ـە، ناوچە جێناکۆکەکانە بە رای من عێراق کە شتێک بکات دەبێ بزانێت کە دەستوور شتێکی دیکەی گوتووە، کوردستانیش دەبێ بزانێت کە ناتوانێت هەتاوەکو ئەو پرسە یەکلایی نەکرێتەوە کە ماددەی 140ـە. ئەو کاتەی کە مادەی 140 جێبەجێ کرا، چیت هەیە و چیت لەسەرە). لەبەرئەوە دەبینی سەرکردایەتی کورد جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان، جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور، جەخت دەکەنەوە و تەئکید دەکەن لەسەر مەسەلەی جێبەجێکردنی دەستوور. جێبەجێکردنی دەستوور زۆر زۆر گرنگە. و هەمیشە باس دەکەم، مادەکانی دەستوور ئەگەر بیخوێنیتەوە، یەک مادەی تێیدا نییە کە بۆ کورد سوودی هەبێت بەتەنیا، یەک مادەی نییە بڵێ کورد سەربەخۆیە، یەک مادەی نییە بڵێ کورد ئەگەر جێبەجێ بوو دەستوور تەواو ئیتر تەواو هیچ حەقی بە عێراقەوە نییە.دەستوور زیاتر یەکپارچەیی عێراقی مسۆگەر کردووە و ماف و ئەرکەکانی هەموو کەسێکی پاراستووە. بە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، دڵنیام هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی پشکی خۆی لە ماف و ئەرکەکاندا وەردەگرێت. بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە کە دەگوترێت ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، واتە کورد سوودی لێ بینیوە. لێرەوە جەخت دەکەمەوە کە کورد زیاتر یەکپارچەیی عێراق مسۆگەر دەکات و سەرکردایەتیی کورد زیاتر بەرەو یەکپارچەیی عێراق هەنگاو دەنێت.
رووداو: ئەوەی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای BP ئەنجامی دا، نادەستووری بوو؟
د. حەمدی: بە رای من وەکو یاساناسێک، کاتێک بابەتێک (ناوچەیەکی جوگرافی) جێی ناکۆکی بێت، واتە من و تۆ لەسەر ئەوە رێک نەکەوتووین کە پەرداخەکە هی کاممانە، ئایا لۆژیکییە تۆ بیت و ئاوەکەی بخۆیتەوە بەبێ پرسی من؟
رووداو: چونکە گرێبەستەکە لە کەرکووک نییە، بەڵکو لە قەرەتەپە و هەندێک ناوچەی دیکەش کراوە:
د. حەمدی: بە بڕوای من، باشتر بوو خۆیان لەو بابەتە بپاراستایە و لەگەڵ کورد دابنیشتنایە و پێیان بگوتبا: ''بابەتێکی لەم شێوەیە هەیە، رای ئێوە چییە؟'' چونکە ناوچەکە جێناکۆکە و ماددەی 140ـی دەستووریش هەیە.
رووداو: کاک حەمدی، رای هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک وەرنەگیراوە؟
د. حەمدی: من باوەڕ ناکەم، چونکە ئەگەر وەریانگرتبایە، هەڵوێستیان بەو شێوەیە نەدەبوو.
رووداو: ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەسەر ئەو ماددە دەستوورییە و ئەو رێککەوتنە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات؟
د. حەمدی: ئێمە وەکو کورد زۆر ئازارمان بەدەست بڕیارەکانی ئەو دادگایەوە چەشتووە. بەڕای من، باشترە ئێستا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور بکەینەوە. 2 بۆ 3 خاڵی گرنگ لە دەستووردا هەن کە دەبێت جێبەجێ بکرێن، یەکێکیان ئەنجوومەنی فیدراڵییە کە زۆر گرنگە، هەروەها دادگای فیدراڵی، ماددەی 140 و یاسای نەوت و گاز. بە بڕوای من، ئەگەر یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، کێشەکانمان نامێنن.
رووداو: کاک حەمدی، پێت وایە ئەم خولەی پەرلەمان یاسای نەوت و گاز دەربکات؟
د. حەمدی: ئەگەر دیسانەوە بگەڕێینەوە سەر دۆخی پێشوو و دوودڵی، ئەوا واتای ئەوەیە هیچمان نەکردووە و بۆ ماوەی 4 ساڵی دیکەش خەڵک بەم دۆخەدا تێدەپەڕێت. خەڵکی ئێمە زۆر ماندووە. من زۆر لام سەیر بوو، لە ماوەی 2 بۆ 3 هەفتەی رابردوودا، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 2 بۆ 3 کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی کرد و بڕیاری گرنگی دەرکرد. من چاوەڕوان بووم بێتە سەر تەلەڤیزیۆن و بڵێت "گەلی کورد دڵنیا بن مووچەکانتان دەگات، یارمەتیتان دەدەم"، چونکە من سەرۆکوەزیرانی عێراقم و ئەرکی منە دڵنیایی بدەمە هاووڵاتییانم کە مووچەکانیان وەردەگرن. نەک ئەوەی کە تەنیا چەند رۆژێکمان ماوە بۆ ساڵی نوێ و هێشتا خەڵکی کوردستان بێ مووچەیە.
رووداو: کاک حەمدی، وەکو هاوڵاتییەکی کورد، گلەیی لێ دەکەیت؟
د. حەمدی: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، چونکە راستگۆ بم و خۆم لەو گلەییە نەدزمەوە، پێی دەڵێم چونکە ئەو سەرۆکوەزیرانی عێراقە، هەرچەندە ئێستا کاروباری حکومەتی کاربەڕێکەرە، بەڵام هەر تۆیت کە ئەو کۆبوونەوانە دەکەیت. هەروەها گلەیی لە وەزیرەکانی خۆشمان دەکەم کە لەوێن. بەڕاستی دەبێت دڵنیایی بداتە هاوڵاتیی کورد و بڵێت، "مووچەکەت پارێزراوە و پێت دەدرێت،" چونکە لۆژیکی نییە ساڵێک تێپەڕێت و ساڵێکی نوێ دەست پێ بکات، خەڵک هەمووی دڵخۆش بێت بە هاتنی ساڵی نوێ و هاوڵاتیی منیش هەر چاوەڕێ بێت کە ئایا مووچە دێت یان نا. ئەگەر ئەو حکومەتە دادپەروەریش پەیڕەو بکات، ئەمە ژیان نییە.
رووداو: کاک حەمدی، باست لە مووچە کرد. کاتێک رێککەوتنی نەوت کرا و هەناردەکردنەوەی دەستی پێ کردەوە، هەموومان دڵخۆش بووین و گوتمان، "تەواو، کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت." بەڵام کێشەکە هەر بەردەوامە. بۆچی نەوت دەڕوات و مووچەش نایەت؟
د. حەمدی: ئەوە پرسیارێکە کە خۆی دەسەپێنێت. ئێمە وەکو سۆمۆ کاری خۆمان 100% بە دروستی کردووە و هیچ کێشەیەکمان نییە. ئەو رێککەوتنەی کرا رێککەوتنێکی مێژوویی بوو، چونکە ماوەی دوو ساڵ بوو عێراق و هەرێمی کوردستان زیانیان دەکرد بەهۆی بوونی هەندێک پاڵنەری سیاسی یان داواکاریی سیاسی. بەڵام کاتێک ئێمە وەکو سۆمۆ تێڕوانینی خۆمان خستەڕوو و لە رووی هونەری و تەکنیکییەوە روونمان کردەوە کە چەند زیانمان کردووە، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو رێککەوتنە بکرێت. راستییەکەی، رێککەوتنەکە زیاتر لە بەرژەوەندیی ئەواندایە نەک هەرێمی کوردستان، چونکە پرسی 16 دۆلارەکە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر کۆمپانیاکانی ئێرە هەیە، بەڵام هەمووی بۆ مووچەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرا. ئێستا باسی 120 ملیار دینارەکە دەکرێت، کە بەگوێرەی زانیارییەکانی من، ئەویش دراوە و کێشەکەی چارەسەر بووە و پارەکە نێردراوە.
رووداو: باشە، بۆچی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 زووتر نەنێردرا؟
د. حەمدی: ئەو پرسیارە دەبێت ئاراستەی تەیف سامی و بەڕێز سوودانی بکرێت.
رووداو: ئایا ئەو پارەیەی هەرێمی کوردستان، کە پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستانە، ناچێتە وەزارەتی دارایی، یان راستەوخۆ دەچێتە سەر داهاتی گشتیی وەزارەتی نەوت؟
د. حەمدی: نەخێر، دەچێتە حسابێکی تایبەت لە بانکی ناوەندی و پاشان رەوانەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەکرێت و لەوێوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتی عێراق.
رووداو: ئێستا هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ژمارانە بێت، مانگانە نزیکەی 700 ملیار دینار دەخاتە خەزێنەی عێراقەوە، کە پارەی فرۆشتنی نەوت و 120 ملیار دینارەکەیە. ئەوەی عێراق دەینێرێت مانگانە نزیکەی 300 ملیار دینارە، بۆچی نایشینێرێت؟
د. حەمدی: راستییەکەی من زانیاریم لەسەر ئەو بابەتە نییە کە بۆچی نەنێردراوە، بەڵام شایستە نییە کە نەنێردرێت. بەڕاستی دەیڵێم، چونکە من هەمیشە باسی ئەو بابەتە دەکەم، نابێت مووچەی هاووڵاتیی کورد بە هیچ کێشەیەکەوە ببەسترێتەوە؛ نەک تەنیا کێشەی نەوت و داهات، بەڵکوو هەر کێشەیەکی دیکە هەبێت، نابێت پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەبێت، چونکە "کرێی کرێکار بدە پێش ئەوەی ئارەقەی وشک ببێتەوە.
رووداو: کاک حەمدی، ئێستا کۆتایی مانگی 12ـە و هێشتا مووچەی مانگی 10 نەگەیشتووە. ئایا مووچەی مانگەکانی 11 و 12 بە تەواوی نافەوتێت؟
د. حەمدی: لە رووی ياساییەوە، نابێت بفەوتێت. من وەکو ياساناسێک قسە دەکەم، نەخێر.
رووداو: وەکو یاساناسێک و بەرپرسێکی کورد لە بەغدا، هەڵوێستتان چییە؟
د. حەمدی: نابێت مووچەی ئەو دوو مانگە بفەوتێت و نابێت ئەو قسەیە بکرێت. ئەمە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر خێرێکیش بە هاووڵاتی بکرێت، پێویست ناکات، چونکە کاری خۆی کردووە و دەبێت مافی خۆی وەربگرێت.
رووداو: ئایا راستە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە تەواو بووە و بۆیە دەگوترێت مووچەی مانگەکانی 11 و 12 نادرێت؟
د. حەمدی: من زانیاریم لەسەر ئەو بابەتە نییە کە بەڕێز تەیف سامى باسی دەکات.
رووداو: ئێوە لە بەغدا چی دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی ئەو دوو مانگە نەفەوتێت؟
د. حەمدی: بە رای من، ئێستا ئێمە لە دۆخێکی هەڵواسراوداین. لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەسەر پۆستەکان، پێویستە لە هەمووی گرنگتر بیر لە دابینکردنی بژێویی خەڵک و مووچەکانیان بکەینەوە. هیوادارین تاوەکو ساڵی 2026 چیتر باسی کێشەی مووچە نەکەین.
رووداو: دکتۆر حەمدی، ویستم پرسیاری ئەوە بکەم، ئایا دۆخەکە تاوەکو ساڵی 2026 بەم شێوەیە دەمێنێتەوە یان باشتر دەبێت؟
د. حەمدی: ئەوەی جێگەی نیگەرانیی منە، هەرچەندە هیوادارم ببێتە واقیع، ئەوەیە کە سەرکردایەتیی کورد ئەو بابەتە قبووڵ ناکات وەکو خۆی بمێنێتەوە. لەبەرئەوە، ئێمە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور دەکەینەوە. جەخت دەکەینەوە لەوەی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیران و حکوومەتی نوێ پێکدەهێنێت، پابەندی دەستوور بێت. ئەگەر ئەوە کرا و دواتر دەست بە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز کرا و پەسەند کرا، کێشەمان نامێنێت.
رووداو: ئایا چارەسەرکردنی کێشەی مووچە مەرجە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو؟
د. حەمدی: ئەگەر پرسیاری شەخسیی من بکەیت، ئەو بابەتە نابێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دەبێت شتێکی ئاسایی بێت. مووچە مافی خەڵکی کوردستانە، هاووڵاتیی هەولێر، شەقڵاوە، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە و سلێمانی، هەروەک چۆن مافی هاووڵاتیی بەسرە و بابلە. هەموویان مافی خۆیانە.
رووداو: کاک حەمدی، ئایا هەناردەکردنەوەی نەوت مسۆگەری مووچەی ساڵی 2026 دەکات؟
د. حەمدی: هەر لەبەر ئەوە رێککەوتنمان کرد، رێککەوتنەکە لەسەر ئەو بنەمایە بوو. ئامانج لەو رێککەوتنە دابینکردنی مووچەی خەڵک بوو. بە راشکاوی پێت بڵێم، هەر بۆیە ئەوەندە هەوڵمان دا تاوەکوو ئەو رێککەوتنە بکرێت.
رووداو: ئەو مووچەیەی کە ساڵی داهاتوو بۆ مانگی 1 دێت، مووچەی مانگی 11ی ئەمساڵە یان مانگی 1ی ساڵی نوێیە؟
د. حەمدی: ئەو پرسیارە داراییە و ناتوانم وەڵامی بدەمەوە.
رووداو: ئەگەر پێیان وتن ئەوە مووچەی مانگی 1ە و مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ئەمساڵ نادرێت، لە بەغدا چی دەکەن؟
د. حەمدی: دووبارەی دەکەمەوە، نابێت بڵێن نادرێت، چونکە ئەوە مافی خۆمانە. بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین بڵێن نادرێت. دەبێت مووچەی خەڵکی خۆت دابین بکەیت و ئەو بابەتە هیچ گفتوگۆیەک هەڵناگرێت، چونکە ئەوە مافی ئێمەیە.
رووداو: جا چ باسی بکەیت یان نا، ئەوە واقیعەکە ناگۆڕێت کە مووچەکە نایەت.
د. حەمدی: نەخێر، یاسا هەیە. بێگومان ئێستا عێراق خۆی دۆخێکی زۆر نالەباری هەیە بەهۆی پرسی نەوت و نرخی نەوتەوە.
رووداو: دۆخی داراییی عێراق خراپە؟
د. حەمدی: بەڵێ، هەڵبەتە وەکو پێشوو نییە. بۆ نموونە، ئەگەر سەیری داهاتی مانگی 10 بکەین، نزیکەی 7 ملیار دۆلار بووە. داهاتی مانگی 11 نزیکەی 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
رووداو: واتە داهاتی مانگی 10 حەوت ملیار بووە و لە مانگی 11 بۆ شەش ملیار و 500 ملیۆن کەم بووەتەوە.
د. حەمدی: مەبەستم ئەوەیە، تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی عێراق نزیکەی 6 ملیار دۆلارە، واتە داهاتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک نرخی نەوت باش بێت، داهاتمان 8 ملیار، 8 ملیار و 500 ملیۆن، هەندێک جار 9 ملیار و تەنانەت 10 ملیار دۆلاریش بووە. بۆیە ئەم دابەزینە کاریگەریی خۆی هەیە و ئێستاش نازانین نرخی نەوت زیاتر چیی بەسەر دێت. راستە، دۆخەکە باش نییە.
رووداو: کاک حەمدی، زۆر سوپاست دەکەم. بەڕێز حەمدی شەنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، زۆر بەخێر بێیت.
د. حەمدی: زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم، ساخ بیت.