پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەتوانن ساڵانە 250 هەزار تۆن مریشک هەناردە بکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار تۆن مریشک بەرهەمبهێنێت، بەڵام گرفت و ئاستەنگیان لەبەردەمە.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەم، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "لە 15-01-2026ـەوە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو، پارچەکانی و هەموو بەرهەمە دروستکراوەکانی قەدەخە دەکرێت". بەڵام فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەرهەمی مریشکی بەستووی نێوخۆ ئێستا هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و رێگری لێ ناکرێت".
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان رایگەیاند، "پێویستیی ساڵانەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 هەزار تۆن مریشکە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانمان لە 400 هەزار تۆن زیاترە. ئەمەش واتە دەتوانین ساڵانە 250 هەزار تۆن هەناردەی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بکەین."
 
قسەکانی نازم عەبدوڵڵا ئەمڕۆ شەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
 
"نەخۆشی زیانی لە نیوەی پەلەوەرخانەکان داوە"
 
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، تەکنەلۆژیا و سەربڕخانەی پێشکەوتوویان هەیە کە دەتوانن مریشکی خۆماڵی بە شێوەی "بەستوو" ئامادە بکەن و بە کوالێتییەکی زۆر بەرزتر لە مریشکی هاوردەکراو بیخەنە بازاڕەوە.
 
سەرەڕای ئەم توانایە، نازم عەبدوڵڵا گوتی، کەرتی پەلەوەری بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت. هۆشداری دا لەوەی ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانی وەک IB، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ، "نزیکەی 50٪ـی پڕۆژەکانی کوردستان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و هەندێکیان وێران بوون".
 
"گومان هەیە هەندێک سەربڕخانە مریشکی تورکی بە لۆگۆی نێوخۆ هەناردە بکەن"
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە باس لەوە دەکات، "حکومەت نە بە مادی و نە بە مەعنەوی هاوکارمان نییە. تێچووی بەرهەمهێنان زۆر بەرزە؛ نرخی جووجک، ڤاکسین، عەلەف و سووتەمەنی جێگیر نییە. بۆ نموونە نرخی یەک جووجک لە 48 کاژێردا لە 30 سەنتەوە [428 دینار] بۆ 70 سەنت [998 دینار] بەرزبووەتەوە."
 
لەبارەی جیاوازیی نرخەکانی مریشک، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، ئەگەر حکومەت هاوکارییان بکات لە کەمکردنەوەی رسوومات و دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا، دەتوانن مریشکی خۆماڵی بە نرخێک بەرهەم بهێنن کێبڕکێی مریشکی هاوردە بکات.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان گوتیشی، "پێویستە حکومەت بۆرسەیەکی ناوەندی بۆ دیاریکردنی نرخی مریشک دابمەزرێنێت تاوەکو نرخ لە هەرێمی کوردستان یەک بێت و رێگری لە قۆرخکاری بکرێت."
 
داواش دەکات حکومەت چاودێریی وردی سەربڕخانەکان بکات، "چونکە گومان هەیە هەندێک سەربڕخانە مریشکی تورکی بە لۆگۆی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی خوارووی عێراق بکەن".
 
نازم عەبدوڵڵا پێشیوایە، "پێویستە حکومەت کوالێتی عەلەف و ڤاکسین کۆنترۆڵ بکات، چونکە زۆرجار بەرهەمی کوالێتیی نزم دەبێتە هۆی لەنێوچوونی هەزاران مریشک."
 
نازم عەبدوڵڵا دەڵێت، "مریشکی ئێمە تەندروستترە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە، بەڵام مریشکی هاوردە زۆرجار بە کوالیتییەکی نادیار و بە پاڵپشتیی حکومەتەکانیان [وڵاتانی هەناردەکار] بە نرخێکی هەرزان دەگەنە ئێمە."
 
ئەو گوتیشی، گەشەپێدانی کێڵگە پەلەوەرییەکان و سامانی ئاژەڵ واتە پاراستنی ئاسایشی خۆراک و رەخساندنی هەلی کار بۆ هەزاران گەنج، بەڵام ئەمە تەنیا بە بڕیار و بەدواداچوونی جیدیی حکومەت دەکرێت.
 
سەرەتای ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، هاوردەکردنی هەموو جۆرە مریشکێکی بەستوو و پارچەکانی قەدەخە کرد و رایگەیاند، لە داهاتوودا دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی و بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر" ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە عێراق دەنگی لەسەر قەدەخەکردنەکە داوە."
  
لە ساڵی 2019وە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بە فەرمی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو و پارچەكانی قەدەخە كردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان 1995 پەلەوەرخانە هەن.