وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: هەوڵ دەدەین هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت
رووداو دیجیتاڵ
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی مسۆگەرکردنی بەردەوامی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات، "ئەوەش لە رێگەی درێژکردنەوەی رێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت."
22ى ئەیلوولی ساڵی رابردوو، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و رێککەوتنەکە تاوەکو 31ی ئاداری ئەم ساڵ درێژ کراوەتەوە.
حەیان عەبدولغەنی گوتی، "بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو کۆمپانیایانە پابەند دەبن بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو بە کۆمپانیای سۆمۆ بە مەبەستی هەناردەکردن، لە بەرامبەریشدا قەبارەی بڕە نەوتە وەرگیراوەکە دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنچینەیە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا گرێبەستکارەکان بکات."
کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی لە ساڵی 2008ەوە ئەرکی پەرەپێدان و دەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە 2 وەرگرت و ئەم ساڵ لێی وەرگیرایەوە.
سەبارەت بە گرێبەستی کێڵگەی رۆژئاوای قورنە، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان و کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە دوو بژاردە کار دەکەن:
یەکەم: لە رێگەی دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی و کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی بۆ گواستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاری بۆ کۆمپانیای شیڤرۆن کە ئەو کۆمپانیایە ویستی خۆی بۆ ئەوە دەربڕیوە و زانیارییە تایبەتەکانی کێڵگە نەوتییەکە و گرێبەستی خزمەتگوزارییەکەی وەرگرتووە، هەروەها دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ لوک ئۆیڵ ئەنجامداوە.
دانوستانەکان بەردەوامن بۆ ئاسانکاریی پرۆسەی گواستنەوەی گرێبەستەکە بەو مەرجەی بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەکەدا مسۆگەر بکات بە تێکڕای 480 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
دووەم: وەرگرتنی ئەرکی بەڕێوەبردنی کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە لە کۆمپانیای لوک ئۆیڵ، بە شێوەیەکی یاسایی و بەپێی بڕگەکانی گرێبەستەکە و بە رێککەوتنی هەردوولا.
کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2 دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و جیهان دادەنرێ و لە ساڵی 2014وە قۆناخی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فراوانی تێدا دەستیپێکردووە.
رۆژی 7ی مانگی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کۆمپانیای نەوتی بەسرە ئەرکی بەڕێوەبردنی کارەکانی کێڵگەکە بگرێتە ئەستۆ.