نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە نزیکەی 5295 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ئاستێکی نوێی مێژوویی بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی 5300 دۆلاری تێپەڕاند. جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران دەڵێت: "هەڕەشەکانی ترەمپ هۆکارن و دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێ، ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 6 هەزار دۆلار".
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە بۆ 5310 دۆلار، بەڵام نزیکەی نیوەڕۆ نرخەکەی نزیکەی 30 دۆلار دابەزی.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی بێ وێنەی بەهای دۆلار بەرامبەر 6 دراوی سەرەکیی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ کەمترین ئاستی لە چوار ساڵی رابردوودا.
نرخی زێڕ ئەم ساڵ زیاتر لە 20٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرزبوونەوەی خێرای زێڕ بە رووداوی گوت: "لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا زۆر کاریگەرن. قسەکردن لەبارەی هێرشی سەر ئێرانیش هۆکاری گرانبوونی زێڕە."
بە گوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 5 هەزار و 295 دۆلارە؛ یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە یەک ملیۆن و 160 هەزار دینارە؛ یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 994 هەزار دینار و یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 215 هەزار دینارە.
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی گوت، "دۆخەکەم بەم جۆرە بێ، نرخی ئۆنسەیەک دەگاتە 6000 دۆلار."
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا دەڵێ: "نرخی زێڕ پەیوەندی پێچەوانەی خۆی لەگەڵ نرخی دۆلار پێشانداوە و دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە پێیان باشە نرخی دۆلار لە ئاستێکی نزمدا بمێنێتەوە."
بەپێی وۆنگ، "ئێستا قەیرانی متمانە بە دۆلار هەیە، بەتایبەتی کاتێک کە پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ دەکرێت کە ئایا نرخی دۆلار زۆر دانەبەزیوە، لە وەڵامدا دەڵێت نرخی دۆلار زۆر باشە."
لەلایەکی دیکەوەی بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دڵنیایی بەکاربەران لە ئەمریکا دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی 11 ساڵ و نیوی خۆی و ئەوەش ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە زیاد دەکات کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکان.