وەزارەتی نەوتی عێراق: لە چەند کاژێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان رادەگەیێنین

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند؛ لە ماوەى چەند کاژێرى داهاتوودا دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەگەیێنن.
 
ئەمڕۆ هەینی، 28ى شوباتى 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لە سەردانێکیدا بوو بۆ بەندەرى خۆر زوبێر لە بەسرە رایگەیاند، لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکرێتەوە.
 
رۆژی 2ـی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
 
حەیان عەبدولغەنى ئاماژەى بەوەدا کە بڕى سەرەتایی هەناردەکردنەوەى نەوت 185 هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا و دواتر بڕەکەى زیاد دەکرێت، تاوەکو دەگاتە ئەو بڕەى کە لە یاسای بودجەى گشتى دیاری کراوە.
  
بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس.