ئەپیکور بۆ رووداو: ئەمڕۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت ناکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بۆ رووداو رایانگەیاند، پێویستە رێککەوتن لەبارەی شایستە داراییەکانیان پێش دەستکردنەوەی هەناردەی نەوت بکرێت. دەشڵێن، ئەمڕۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت ناکەنەوە.
رۆژی هەینی، 28ی شوباتی 2025، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە رێگەی رووداوەوە راگەیێندراوێکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان داوای رێککەوتن پێش دەستکردن بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن".
ئەپیکور لە راگەیێندراوەکەدا بۆ رووداو دەشڵێت، "کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردە دەستپێبکەنەوە هەرکاتێک بە گوێرەی گرێبەستی یاسایی و رێنماییە بازرگانییەکانی ئێستا رێککەوتن بۆ پێدانی پارەی هەناردەی رابردوو و داهاتوومان کرا. تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەوبارەیەوە بە کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکوور نەگەیشتووە".
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاندووە دەستخۆشی لە هەوڵەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق و گوتەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژی 25ی شوباتی 2025 دەکات. بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی پێویستی کردنەوەی بۆڕی عێراق-تورکیا".
ئەو راگەیێندراوەی ئەپیکور بۆ رووداو لەکاتێکدایە ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند؛ لە ماوەى چەند کاژێرى داهاتوودا دەستپێکردنەوە بە هەنادەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەگەیێنن.
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا هەناردە دەکرێتەوە.
2ـی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
حەیان عەبدولغەنى ئاماژەى بەوەدا، بڕى سەرەتایی هەناردەکردنەوەى نەوت 185هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا و دواتر بڕەکەى زیاد دەکرێت، تاوەکو دەگاتە ئەو بڕەى کە لە یاسای بودجەى گشتى دیاری کراوە
بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.