ئۆنسەیەکی زیو بە نزیکەی 94 دۆلارە؛ کیلۆی بەچەندە؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی ئۆنسەیەک زیو 6.28٪، یاخود 5.55 دۆلار بەرزبووەوە و بە 93.81 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەم پێیە، کیلۆیەک زیویش لە بازاڕەکانی جیهان ئێستا بە 3,015 دۆلارە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە دوو مانگی رابردوودا. تەنیا لە هەفتەی رابردووشدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو 9.19 دۆلار بەرزبووەتەوە کە دەکاتە نزیکەی 10٪.
 
وەبەرهێنەران بەهۆی زیادبوونی مەترسییە بازرگانی و جیۆسیاسییەکانەوە، روویان لە کڕینی کانزا گرانبەهاکان کردووە. 
 
ئەم هەڵکشانەی نرخی زیو دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ئەمریکا بەپێی "مادەی 122" بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 10٪ بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکان داوە. بازاڕەکان پێشبینی دەکەن دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵا بە هەڵوەشاندنەوەی پێناسەکان، ئەو رێژەیە بۆ 15٪ بەرزبێتەوە، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران پەنا بۆ کڕینی کانزا گرانبەهاکان ببەن وەک پارێزبەندییەک لە بەرامبەر دابەزینی بەهای دراوەکان.
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێگەی بە بەشێکی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل داوە وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش دوای زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان. ئەم هەنگاوە دڵەڕاوکێی زۆری لای وەبەرهێنەران دروستکردووە و وایکردووە روو لە کڕینی زیو بکەن وەک پەناگەیەکی ئارام.
 
کورتهێنانی زیو لە کەرتی پیشەسازیشدا بەردەوامە و هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
 
هاوکات، وەبەرهێنەران دەستیان کردووە بە فرۆشتنی پشکەکانیان لە کەرتی ژیریی دەستکرد و روویان کردووەتە کڕینی قەواڵە دارایییەکان و کانزا گرانبەهاکان، ئەمەش وایکرد سوودی سەر قەواڵە دارایییەکانی 10 ساڵەی ئەمریکا بۆ خوار 4٪ دابەزێت، کە ئەمەش پاڵنەرێکی دیکە بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زیو و زێڕ.