جەنگ بەهای دیناری دابەزاند؛ 100 دۆلار گەیشتە 156 هەزار دینار

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئیسرائیل جەنگی دژی ئێران بە فەرمی راگەیاند و بەهۆیەوە بەهای دیناری عێراق دابەزی. لە سلێمانی 100 دۆلار گەیشتە 156 هەزار دینار.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 156 هەزار دینار دەفرۆشرێ، جەنگ هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلارە".
 
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "بازاڕ پشووە ئەمڕۆ، بەڵام خواست لەسەر دۆلار زۆرە و 100 دۆلار بە 155 هەزار دینار دەکڕدرێت".
 
دوێنێ 100 دۆلار بە نزیکەی 153 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرا.
 
لەبارەی بەهای تمەنەوە، رەوەز میرزا گوتی: "لەم کاتەدا هیچ کەسێک مامەڵە بە دراوی ئێرانەوە ناکات".