جەنگی ئێران رەنگە بانکە ناوەندییەکان ناچار بکات زێڕەکانیان بفرۆشن

 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئێران رەنگە رەفتاری باوی بانکە ناوەندییەکان بگۆڕێت، کە پێشتر کڕیاری زێڕ بوون، بۆ فرۆشتنی ئەو کانزا گرانبەهایە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڵبەز و دابەزە ئابوورییانەی بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دروست بوون.
 
شەوی رابردوو 27ی ئاداری 2026، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بانکی ناوەندیی تورکیا لەم مانگەدا بەشێک لە یەدەگی زێڕی خۆی بە بڕی 8 ملیار دۆلار فرۆشتووە؛ ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی لیرە لە بەرامبەر خواستە زۆرەکەی سەر دۆلار، کە دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دروست بووە.
 
بەمەش ئەگەر بانکە ناوەندییەکانی دیکەش هەمان هەنگاوی تورکیا بگرنەبەر، ئەوا نرخی زێڕ دادەبەزێت. ئەوەش روون کراوەتەوە، هەندێک لەو وڵاتانەی یەدەگی زێڕیان هەیە، هاوردەکاری وزەن. بۆیە گرانبوونی تێچووی نەوت و گاز واتای ئەوەیە کە ناچاری فرۆشتنی زێڕ دەبن بۆ دابینکردنی ئەو دۆلارەی بۆ کڕینی وزە پێویستیانە.
 
کڕینی بەردەوامی زێڕ لە ساڵی 2022ەوە
 
بانکە ناوەندییەکان دوای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، کڕینی زێڕیان فراوانتر کرد. بەتایبەت دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا یەدەگە نەختینەییەکانی رووسیایان لە بانکەکانیاندا بلۆک کرد. ئەمەش وایکرد بانکە ناوەندییەکان یەدەگەکانیان هەمەچەشن بکەن و تەنیا پشت بە دۆلار و یۆرۆ نەبەستن.
 
ئەم خواستە زۆرەی سەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران، هۆکار بوو بۆ ئەوەی نرخەکەی لەم ساڵدا 5 هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕێنێت. بەڵام بەپێی ئاژانسە هەواڵییەکان، لەم دواییانەدا نرخەکەی بە رێژەی 18٪ دابەزیوە و جەنگی سەر ئێران یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ئەو دابەزینە.
 
نیکی شێڵز، شرۆڤەکاری کۆمپانیای (MKS PAMP) بۆ بازرگانی، لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بلومبێرگ رایگەیاندووە: "ئەو چەمکەی کە دەیگوت بانکە ناوەندییەکان کڕیاری هەمیشەیی زێڕن، ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە." 
 
کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی دژ بە ئێران، نرخی نەوت زیاتر لە 50٪ و نرخی گاز زیاتر لە 56٪ بەرزبووەتەوە. ئەمەش وڵاتانی هاوردەکاری وزەی وەک تورکیای ناچار کردووە فرۆشتنی بەشێک لە یەدەگی زێڕ بە پێویست بزانن بۆ دابینکردنی تێچووی هاوردەکردنی وزە.
 
جیاواز لە بازاڕی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندیی باڵا لە بازاڕی زێڕدا نییە تاوەکو دەستوەردان بکات بۆ پاڵپشتیکردنی نرخەکان، بۆیە نرخەکەی تەنیا بە هاوکێشەی خواست و خستنەڕوو دیاری دەکرێت.
 
لە کاتێکدا وەبەرهێنەران هیوایان بەوەیە بانکی ناوەندیی چین بەردەوام بێت لە کڕینی زێڕ بە بڕی زۆر بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار، بەڵام لە ژێر گوشاری بەرزبوونەوەی نرخی وزەدا، رەنگە پەنابردن بۆ فرۆشتنی زێڕ تەنیا چارەسەری بەردەستی ئابوورییە تازەپێگەیشتووەکان بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی ئێستا.