قەیرانی سووتەمەنی لە ئوسترالیا؛ زیاتر لە 600 وێستگە بەتاڵن

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی ئەو وێستگانەی سووتەمەنی کە هیچ جۆرە سووتەمەنییەکیان تێدا نەماوە لە ئوسترالیا بۆ زیاتر لە 600 وێستگە بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە هەفتەی داهاتوو حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کۆببێتەوە.
 
قەیرانی ئێستای سووتەمەنی لە ئوسترالیا بە خراپترین قەیران دادەنرێت لەدوای شۆکی نەوت لە ساڵانی 1970ـەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی دوو پاڵاوگەکەی دیکەی وڵاتەکە، کە ئامپۆل و ڤیڤا ئێنێرجین، گەیاندنیان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان زیادکردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی ئەو وێستگانە زیادبوون کە سووتەمەنییان تێدا کەمبووەتەوە. 
 
هاوکات، جووتیارانی ئوسترالیا هۆشداری دەدەن لەوەی کەمیی پەینی کیمیایی کاریگەری لەسەر دابینکردنی خۆراک دەبێت.
 
کریس بۆین، وەزیری وزەی ئوسترالیا پشتڕاستی کردەوە کە 608 وێستگەی سووتەمەنی لە سەرانسەری ئوسترالیا هیچ جۆرە سووتەمەنییەکانیان نەماوە و داخراوب، کە دەکاتە 8٪ـی کۆی وێستگەکانی وڵاتەکە.
 
بەکۆی گشتی، 7798 وێستگەی سووتەمەنی لە ئوسترالیا هەن.
 
بۆین، گوتی، "کەمییەکی راستەقینە [ـی سووتەمەنی] هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان، کە پێویستە چارەسەر بکرێت. بینیمان خواست زۆر بە خێرایی زیادیکرد و دابینکارانیش، بە شێوەیەکی یاسایی، دڵنیاییان دا کە بەنزین بەو کەسانە دەدەن کە پێشوەختە داوایان کردبوو، واتە ئەو کەسانەی گرێبەستیان هەبوو."