نرخی زێڕ بۆ خوار 3300 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار دابەزی و بە 3 هەزار و 284 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
پێش ئەو نرخە، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ، نرخی زێڕ ئاستی 3 هەزار و 272 دۆلاریشی تۆمارکردبوو، بەڵام دواتر بەشێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردنەوە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی ئایندەش بۆ 3 هەزار و 292 دۆلار دابەزی.
هێوربوونەوەی گرژییە بازرگانییەکان لەنێوان ئەمریکا و چین، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
پێنوێنیی نرخی دۆلاریش 0.3٪ بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان بەرزبووەوە. ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
تیم واتێرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی KCM Trade دەڵێت، "بازاڕە داراییەکان ئێستا وێنەیەکی باشتر دەبینن لەبارەی پێناسە گومرکییەکان بەراورد بە هەفتە شێتانەکەی یەکەمی ئەم مانگە".
لێدوانەکانی هەفتەی رابردووی کۆشکی سپی گەشبینییان دروستکردووە بەوەی رەنگە ئەمریکا و چین بگەنە رێککەوتنێکی بازرگانی، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆیان لەگەڵ چین هەیە لەبارەی کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان.
چینیش رۆژی هەینی پێناسی گومرکی لەسەر بەشێک لە کاڵاکانی ئەمریکا هەڵگرت، بەڵام قسەکانی ترەمپیشی رەتکردەوە لەبارەی هەبوونی گفتوگۆ لەنێوان واشنتۆن و پەکین.