گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق: هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە راگیراوە، هۆکاری راگیرانەکەشی بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستی هاوبەشی هەردوو حکومەتە، نەک پێنەدانی شایستە داراییەکان. دەشڵێت، ئامادەکاری کراوە و لە رۆژانی ئاییندە گرێبەستێکی نوێ واژۆ لەگەڵ تورکیا دەکەن.
ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە کاتی بەشداری کردنی لە بوڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هەنگاوێکی گرنگی حکومەت لە بواری کارەبا، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانە، کە یەکێک لەوانە بەستنەوەی کارەبای عێراق بوو بە وڵاتانی دەوروبەر، لەنێو ئەو وڵاتانەش تورکیا، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبای هەرێم، بە دانانی چەند هێڵێکی گواستنەوە کە تۆڕی کارەبای ناوچەی باکوور بە تورکیا دەبەستێتەوە."
ئەحمەد عەبادی گوتی: "بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی وەزارەتی کارەبا کردوویەتی 300 مێگاوات کارەبا هاوردە دەکرێت، ئەو 300 مێگاواتە دەنێردرایە ناوچەکانی باکووری وڵات. بەڵام ئێستا بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەکە هاوردەکردنی راگیراوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق:
رووداو: دەگوترێت تورکیا کارەبای عێراقی بڕیوە، بڕی ئەو کارەبایە چەندە کە لە تورکیاوە هاوردەی دەکەین؟ ئایا راستە کارەبای هاوردەکراو لە تورکیاوە بڕاوە؟
ئەحمەد عەبادی: یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی حکومەت، فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی وزەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە توانیمان لەگەڵ وڵآتانی دەوروبەردا پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین و کارەبا رابکێشین لێیانەوە، یەکێکیش لەو وڵآتانە تورکیایە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبای هەرێم، بە دانانی چەند هێڵێکی گواستنەوە کە تۆڕی کارەبای ناوچەی باکوور بە تورکیا دەبەستێتەوە. بە پێی گرێبەستەی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ تورکیادا کردوویەتی، 300 مێگاوات کارەبا هاوردە دەکرێت، ئەو 300 مێگاواتە دەنێردرایە ناوچەکانی باکوور، وەزارەتی کارەبای عێراق چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا کردووە، بۆ زیادکردنی بڕی هاوردەکراو بۆ 600 مێگاوات بۆ هاوین، هاوئاهەنگی و لێکنزیکبوونەوەش هەیە لەو بابەتەدا، ئێستا هێڵەکە راگیراوە چونکە گرێبەستەکەمان لەگەڵ تورکیا تەواو بووە، ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی گرێبەستێکی نوێ واژۆبکەینەوە لەگەڵ تورکیا.
رووداو: بەپێی ئەو گرێبەستە بێت، عێراق دەتوانێت چەند کارەبا هاوردە بکات و تێچووەکەی چەندە؟
ئەحمەد عەبادی: سەبارەت بە بڕی وزە، پێشتر 300 مێگاوات بوو، کە شەش مانگ بوو گرێبەستەکەمان کردبوو، گفتوگۆی زۆرمان کرد لەگەڵ تورکیا بۆئەوەی هێڵی کارەبای تورکیا بە جەزرەی موسڵ ببەسترێتەوە، ئێوە دەزانن لە هاویندا خواست لەسەر کارەبا زۆرە، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین بڕەکە بۆ 600 مێگاوات بەرزبکەینەوە، تێچووەکەشی بەگوێرەی نرخی جیهانیی کارەبایە.
رووداو: کەواتە ئەو بڕە کارەبایەی لە ماوەکانی پێشوودا هاوردەکراوە، شایستە داراییەکان چەندن ئەوەی کە پێویستە عێراق بیدات بە تورکیا؟
ئەحمەد عەبادی: هێڵەکە بەهۆی ئەوەوە نەوەستاوە لەبەر ئەوەی ئێمە شایستە داراییەکانمان نەدابێت، بەڵکو بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکە راگیراوە، ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەین، بۆ ئەوەی کارەبا بۆ باکووری وڵآت دابین بکەین، ئێستا کار لەسەر داڕشتنەوەی گرێبەستێکی نوێ دەکەین.
رووداو: ئێستا حکومەتی عێراق هیچ دینارێک قەرزاری تورکیا نییە؟
ئەحمەد عەبادی: بابەتەکە بابەتی قەرز نییە، بابەتی شایستەداراییەکانە، وەزارەتی کارەباش نکۆڵی لەوە نەکردووە و نەیوتووە پارە نادەم، دەبێت ئەو پارەیە بدەین، چونکە تورکیا ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە لە پێدانی کارەبا، عێراقیش کێشەی نییە لە پێدانی شایستە داراییەکان و سووریشین لەسەر ئەوەی گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکەین.
رووداو: دەگوترێت وەزیری وزەی تورکیا کە سەردانی عێراقی کردووە، گوتوویەتی تورکیا دەزگای خێرخوازی نییە، ئەم قسەیە راستە؟
ئەحمەد عەبادی: لە راستیدا بەوشێوەیە نەبووە و دوورە لە راستییەوە، بەڵکو ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە و پرۆتۆکۆڵ، گرێبەست و پڕۆژەی گەورە لە نێوانماندا هەیە، ئاسۆی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگییەکانمان زۆر باشە. ئەو بەڕێزە قسەی واینەکردووە و راست نییە، بابەتەکە نەگەیشتووەتە ئەوەی ئەو قسانە بکرێت و ئێمە سوورین لەسەر پێدانی شایستە داراییەکانی تورکیا و نکۆڵی لێناکەین.
رووداو: گرێبەستەکە کەی تەواو دەبوو و تورکیا کەی کارەبای بڕیوە؟
ئەحمەد عەبادی: چەند رۆژێکە کارەباکە راگیراوە و پچڕاوە، بەڕێز محەممەد، کارەبای تورکیا تەنیا دەگاتە ناوچەی باکووری عێراق لە رێگەی جەزرە موسڵ – سلۆپی فایدە، دەگاتە ئەو وێستگانەی کە لە باکوور هەیە، ئەو کارەبایە چەند رۆژێکە بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکە تەواوبووە راگیراوە، ئێمە ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەیە و ئیمەیڵ بۆ یەکدی دەنێرین، نەک هەر ئەوەندە، ئێمە چاومان لەوەیە زیاتر لە 600 مێگاوات هاوردە بکەین.
رووداو: رێزم بۆ ئەو قسەیەت هەیە، جەنابتان دەڵێن، پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە، مادام با تورکیا چەند رۆژێکی دیکە کارەباکەی نەبڕیایە، تاوەکو گرێبەستێکی نوێتان واژۆ دەکرد.
ئەحمەد عەبای: مامۆستا محەممەد، گرێبەست پرۆتۆکۆڵێکی کارە و هاوئاهەنگییە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، لە گرێبەستەکەدا گەرەنتی هەیە و هەردوولا دەبێت پابەندی مەرجەکان بن، گرێبەستەکە کۆتایی پێهاتووە و پێویستی بەوەیە رێککەوتنی نوێی لەسەر بکرێت و نوێ بکرێتەوە، ئێستا ئێمە قەیرانی کارەبامان نییە، ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ وەرزی هاوین، دەمانەوێت بارگرانییەکان لەبەرچاو بگرین و پێمانوایە لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە، پچڕانی ئەو بڕە کارەبایەش کاریگەری لەسەر بڕی کارەبا نەکردووە لە وڵاتدا و کەمی نەکردووەتەوە.
رووداو: ئەو بڕە کارەبایە چەندە کە لە هەرێمی کوردستانەوە وەریدەگرن؟ پلانتان هەیە بڕەکە زیاتر بکەن؟
ئەحمەد عەبادی: بە دوو شێوە وەڵامی ئەم پرسیارەت دەدەمەوە، یەکەم شت، چوارچێوەیەکی کارکردنمان هەیە کە لەسەر بنەمای کارکردنی وەزارەتی کارەبای فیدراڵییە و جێبەجێکراوە، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای جێنێراڵ ئەلیکتریک گرێبەستمان هەیە و گرێبەستی نوێیشمان لەگەڵیاندا واژۆکردووە لەم دواییانەدا، لە هەمانکاتدا لاریمان لەوەش نییە کە کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەین، وەزارەتی کارەبا لە رێگەی هێڵی گواستنەوەکانەوە و لەو کۆمپانیا وەبەرهێنەرانەی هەرێمی کوردستان کارەبا هاوردە دەکات.
رووداو: خواست لەسەر کارەبا چەندە و توانای چەند هەیە بۆ دابینکردنی؟
ئەحمەد عەبادی: بەڕێز محەممەد، ئامادەکاری زۆر باش هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای زیاتر، کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی تۆڕەکان و وێستگەکان، ئێستا ئێمە توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاواتمان هەیە، بەڵام لە هاوین خواستەکە زۆر بەرز دەبێتەوە، لە هاوین لانیکەم پێویستمان بە 54 هەزار مێگاوات هەیە و ئەو جیاوازییەش زۆر زۆرە، ئێستا کار بۆ دروستکردنی ژێرخانی باش هەیە، راستە دابینکردنی ئەو بڕە ئاسان نییە بەڵام کار بۆ چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی بەشێکی دەکەین.
رووداو: بڕی هاوردەکراوی کارەبا و گاز لە ئێرانەوە چەندە و راوەستاوە یان بەردەوامە؟
ئەحمەد عەبادی: هێڵی کارەبای ئێران راگیراوە، چوار هێڵی خوور زوبێر-خوڕەم شەهر، دیالە – میرساد، عمارە-کەرخە، خانەقەین - سەرپێڵ، ئەمانە راگیراون و هاوردە ناکرێت، ئێستا باسی هاوردەکردنی گاز دەکەین، ئێمە واژۆمان لەسەر گرێبەستێک کردووە کە دەبوو رۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردە بکەین، بەڵام ئێستا 20 ملیۆن مەتر سێجا لە ئێرانەوە دێت، قسەمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کرد و پێیان وتین خەریکی چاککردنەوەین. لە مانگی 5 بەگوێرەی رێککەوتنمان لەگەڵ ئێران دەبێت، هاوردەکردنەکە بۆ 45 ملیۆن مەتر سێجا بەرز ببێتەوە، هەر کەمییەکیش لەو هاوردە هەبێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات.
رووداو: دەگوترێت ئەمریکا کێشەی لەگەڵ هاوردەکردنی گاز نییە، بەڵکو کێشەی لەگەڵ هاوردەکردنی کارەبا هەیە، ئەمە راستە؟
ئەحمەد عەبادی: کارەبا راگیراوە، هەر چوار هێڵەکە راگیراوە و تەواوبووە، بابەتی گاز و هاوردەکردنی گاز، ئێمە بەگوێرەی رێنمایی و بڕیارەکانی حکومەتی عێراقی کار دەکەین و بەدەر لەمە هیچی دیکە ناکەین.
رووداو: بڕی ئەو کارەبایە چەند بوو کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرا؟
ئەحمەد عەبادی: بەرزترین ئاستی هاوردەکردن 1200 مێگاوات بوو، بەدڵنیاییەوە کەم و زیاد دەبوو، بەڵام لە 1200 مێگاوات زیاتر نەبوو، ئێستا هەر چوار هێڵەکەی ئێران بە تەواوی بڕاوە و هاوردە ناکرێت.