گاز دەدرێتەوە نانەواخانەکانی هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان رۆژبەڕۆژ دۆخی کەمیی گازی ماڵان (LPG) بەرەو باشتر دەچێت. بەرپرسێک لە سلێمانی دەڵێت، دۆخەکەیان ئاسایی کردووەتەوە و پشکی نانەواخانەکان زیاد دەکەن. پارێزگاری هەولێریش ئاماژە بەوەدەکات، سەرقاڵی کارکردنن بۆ پێدانی گاز بە نانەواخانەکان.
 
دوای زیاتر لە مانگێک لە دروستبوونی قەیران و کەمیی گازیی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەرهەمهێنانی گاز زیادیکردووە و نرخی گازی بازرگانیش دابەزیوە.
 
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قایمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی کارگەکانمان گازیان هەیە، رۆژانە لە کۆڵانەکاندا بریکارەکان بە بوتڵ و بەگوێرەی فۆڕمی خۆراک گاز دەدەنە ماڵان."
 
سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قایمقامییەتی سلێمانی گوتی، "رۆژانە بریکارەکان ناتوانن هەموو ئەو پشکەی پێیان دەدرێ دابەشی بکەن، چونکە زۆرە و خواست کەمتر."
 
لە بەشێکی سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نرخی نان بەرزبووەتەوە، یان کێشی نانەکە کەمکراوەتەوە ئەوەش بە پاساوی نەبوونی گازی حکومیی گرانیی گازی بازرگانی.
 
عومەر عەبدوڵڵا گوتی، "لە دوێنێوە پشکی گازی نانەواخانەکانمان زیادکردووە و بەگوێرەی پێویست زیادی دەکەین بۆ ئەوەی هیچ نرخێک بەرز نەبێتەوە".
 
لە هەولێر پێدانی گازی ماڵان کراوە بە کارتی ئەلیکترۆنی و هەر خیزانێک مانگانە مافی هەیە دوو بوتڵ بە نرخی حکومی وەربگرێ، کە بوتڵی بە 8 هەزار و 500 دینارە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی گازی ماڵان زۆر باشبووە و زیادیکردووە و بریکارەکان خۆیان لە گەڕەکەکاندا دەسووڕێنەوە و دابەشی دەکەن."
 
پارێزگاری هەولێر لەبارەی دابینکردنی گاز بۆ فڕن و نانەواخانەکانیش گوتی، "دۆخی گازی ماڵان باشبووە و ئەوەی ماوە نانەواخانەکانن، ئەوانیش لە پلاندان گازیان بۆ دابینبکرێت و لە زۆرترین کاتتدا پێیاندا دەدرێ و دۆخەکە تەواو ئاسایی دەبێتەوە."
 
نرخی گازی بازرگانی دابەزیوە
 
دوای ئەوەی دوای جەنگ گازی ماڵان کەم بووەوە، نرخی لیترێک گاز لە بەنزینخانەکان گەیشتە زیاتر لە هەزار و 750 دینار، واتا بوتڵێک کە نزیکەی 22 لیتر دەگرێت بە نزیکەی 40 هەزار دینار دەفرۆشرا.
 
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە نرخی گازی ماڵان دابەزیوە و لیتری بە هەزار دینارە لە بەنزینخانە بازرگانییەکان."
 
لە هەولێر نرخی گازی (LPG) زیاتر دابەزیوە و ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکان لیتری بە 890 دینارە، واتا بتڵێکی 22 لیتری بە 19 هەزار و 500 دینار.