چەند کۆبوونەوەیەک تایبەت بە ئەسیکۆدا؛ "بیروبۆچوونمان لە یەکەوە نزیکە"

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق سەبارەت بە سیستمی ئەسیکۆدا و دەروازە گومرگییەکان بەڕێوەچوو. سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان دەڵێ:"بیروبۆچوونمان لە یەکەوە نزیکە."
 
رۆژی سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، د. سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ چووینە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی."
 
بە گوتەی سامی جەلال، ئەمە چوارەمین کۆبوونەوە بوو لەسەر ئەم بابەتە و بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە بگەڕێتەوە و لە داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن؛ گوتیشی: "بە گشتی بیروبۆچوونمان لە یەکدییەوە نزیکە. ئەگەر گفتوگۆکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، رێککەوتن دەکرێ و ئیدی سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکرێ."
 
سامی جەلال دەڵێ: "هەوڵەکانمان بۆ پارێزگاریکردنە لە تایبەتمەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو جێبەجێکردنی سیستمەکە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستاندا بێت".
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی شاندەکە؛ کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵ.
 
17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بە رووداوی گوت: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە ئێمە رەزامەندییمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی کە سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێ، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت، ئەمەش کاتی دەوێ."
 
سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی ئەلیکترۆنییە بۆ بەستنەوەی دەروازە و کاروباری گومرگی، مامەڵەی بازرگانیی کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رێکدەخات.