بۆ دۆزینەوەی نەوت بە قووڵایی نزیکەی 3000 مەتر بیر لە چیای کاتۆی باکووری کوردستان لێدەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بە مەبەستی دۆزینەوەی نەوت، بە قووڵایی 2800 مەتر، بیر لە چیای کاتۆ لە باکووری کوردستان لێدراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی نەوت بەردەوامن.
 
عەبدولئەحەد ئەرواس، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە وانی باکووری کوردستان، رۆژی یەکشەممە 27ی تەممووزی 2025 سەردانی چیای کاتۆی لە سنووری شارۆچکەی بەیتوشەباب لە شرنەخی باکووری کوردستان کرد و بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بە مەبەستی دۆزینەوەی نەوت، بە قووڵایی 2800 مەتر بیر لێدراوە.
 
بە گوتەی ئەرواس، پلانیان هەیە بیرەکە بە قووڵایی 5000 مەتر قووڵ بکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "پشتیوان بە خودا لەم ناوچەیەدا نەوت دەدۆزرێتەوە. لە ئەگەری دۆزینەوەی نەوتدا، قەزای چاتاکی وانیش ئاوەدان دەبێتەوە و دەستکەوتی بۆ ناوچەکەش دەبێت."
 
هەروەها لە چیای کاتۆ، بە بەرزیی 2700 مەتر، تاوەرێکی هەڵکەندنی نەوت لەو ناوچەیەدا دانراوە و لەلایەن تیمەکانی جەندرمە و ئاسایشەوە پاسەوانی دەکرێت.
 
بەرزیی چیاکە 2900 مەترە و لەنێوان قەزاکانی چاتاکی لە وان، بەیتوشەبابی لە شرنەخ و پەرواری لە سێرتی باکووری کوردستان هەڵکەوتووە.
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین، کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن.
 
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند.
 
بە گوتەی ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئێستا کێڵگەی نەوتیی گابار رۆژانە 80 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.