لە عێراق هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی پێش ئەمریکی کەوتووە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ناوەندی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابووری دەڵێت، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕی عێراقدا پێش ئۆتۆمبێلی ئەمریکی کەوتووەتەوە.

مەنار عوبەیدی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بە گوێرەی ئاماری گومرگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکاوە بۆ عێراق لە مانگی تەممووزدا نزمترین ئاستی لە چەند ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە و تەنیا 594 ئۆتۆمبێل بووە، لەکاتێکدا لە مانگی شوباتدا ئەم ساڵ 2850 ئۆتۆمبێڵی ئەمریکی هاوردەکراوە. 
 
مەنار عوبەیدی روونیکردەوە، هۆکاری ئەم دابەزینە، زاڵبوونی ئۆتۆمبێلی چینییە بەسەر بازاڕی عێراقدا. بەگوێرەی ئاماری دەستەی گومرگی چینی، ژمارەی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی چینی لە 7 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 22 هەزار ئۆتۆمبێل، لە بەرامبەر 14 هەزار ئۆتۆمبێلی ئەمریکی لە هەمان ماوەدا.
 
عوبەیدی هۆکارەکەی بۆ ئەوەی گەڕاندەوە، نرخی ئۆتۆمبێلی چینی بەراورد بە ئەمریکی هەرزانترە، بەتایبەتی بەم دواییانە حکومەتی عێراق گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل زیادکردووە، هەروەها چین بەم دواییانە گرنگی زۆری بە ئۆتۆمبێڵی دۆستی ژینگە داوە، ئەوەش وای کردووە لە عێراق خواست لەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێڵانە بەرزبێتەوە.
 
بە گوتەی ئەو شارەزایە ئابوورییە، ئۆتۆمبێل وەکو سێیەم گەورەترین کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لەڕووی بەهاوە دەمێنێتەوە، کە دوای زێڕ و ئامێرەکانی ئەلیکترۆنی دێت. ئەمەش گۆڕانکارییەکی روون لە خواستی بەکاربەران و بەرزبوونەوەی توانای کێبڕکێی ئۆتۆمبێلی چینی نیشان دەدات، بە بەراورد بە هاوتا ئەمریکییەکەی.