بەهای تمەن نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆسەر ئێران، بەهای دراوی ئەو وڵاتە گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی و 100 دۆلار 11 ملیۆن تمەنی تێپەڕاند.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "100 دۆلار بەرامبەر 11 ملیۆن و 100 هەزار تمەنە بە حەواڵە."
 
بە شێوەی نەختی لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بەرامبەر 10 ملیۆن و 100 هەزار تمەنە.
 
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا 100 دۆلار گەیشتە 12 ملیۆن و 500 هەزار تمەن، بەڵام نیوەڕۆی ئەمڕۆ کەمێک بەهاکەی بەرزبووە و 100 دۆلار بووە 11 ملیۆن و 150 هەزار تمەن.
 
دابەزینی بەهای تمەن لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کاراکرانەوە کە زۆرینەی کەرتە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
 
بەهۆی سزاکانەوە، لە یەک هەفتەدا دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن 6.21% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لە ماوەی 6 مانگدا بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن 8.98% بەرزبووەتەوە.