مەسک داوای یەک تریلیۆن دۆلار دەکات، ئەگەرنا واز لە تێسلا دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە (رۆبین دێن هۆڵم)، سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای تێسلا لە نامەیەکدا بۆ خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "ئەگەر پلانی 1 تریلیۆن دۆلاری قەرەبووکردنەوەی ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، پەسند نەکرێت، ئەگەری هەیە مەسک، کۆمپانیای تێسلا بەجێ بهێلێت.
نامەی سەرۆکی تێسلا لە کاتێکدایە کە رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو، کۆبوونەوەی ساڵانەی خاوەن پشکەکانی تێسلا بەڕێوەدەچێت و بۆردی تێسلا رووبەڕووی رەخنەی تووندبووەتەوە کە مەسک کاریگەری لە ڕادەبەدەری لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و بۆردەکە لە بەرژەوەندیی خاوەن پشکەکان کارناکات.
پلانی پێشکەشکراو بۆ قەرەبووکردنەوەی مەسک بۆ ئەوەی رازی بە بەڕێوەبردنی تێسلا بێت، دەتوانێت تاوەکو 7 ساڵ و نیوی دیکە لە پۆستی بەڕێوبەری جێبەجێکاری تێسلا بیهێڵێتەوە.
پلانی قەرەبووکردنەوەی مەسک بە چەشنێکە کە لە 12 قۆناخدا پشکی تێسلای پێدەبەخشرێت هەر کات ئامانجەکان و داواکارییەکانی بۆردی کۆمپانیاکە لە داهاتوودا و لەو کاتانەی کە بۆی دیاری کراوە، لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە بەدەست بێت.
مەرجی سەرەکیش گەورەکردنی بازاڕ و قەبارەی کۆمپانیای تێسلایە بۆ 8.5 تریلیۆن دۆلار. مەرجێکی دیکەش جێبەجێکردنی پلانی ئۆتۆمبێلی خۆکارە لەلایەن مەسکەوە.
رۆبین دێن هۆڵم لە نامەکەیدا دەڵێت، پێویستە رەزامەندی بدرێت لەسەر پلانی قەرەبووکردنەوەی مەسک بە بڕی نزیکەی 1 تریلیۆن دۆلار بۆ ئەوەی مەسک رازی بێت بە بەردەوامبوونی لە تێسلا وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە.
قۆناخی یەکەمی پێدانی پشک و قەرەبووکردنەوەی مەسک ئەو کاتەیە کە بەهای تێسلا دەگاتە 2 تریلیۆن دۆلار.
9 قۆناخی دوای قۆناخی یەکەم ئەو کاتانە جێبەجێدەکرێت کە هەر جارێک بەهای کۆمپانیای تێسلا 500 ملیاری دیکە بەرزبێتەوە.
2 قۆناخی داهاتوو ئەو کاتەیە کە بەهای پشکەکانی تێسلا دەگاتە 8.5 تریلیۆن دۆلار.
جگە لە مەرجی بەرزکردنەوەی بەهای کۆمپانیاکە، چەندین مەرجی دیکەش هەن کە پەیوەستن بە چۆنیەتی کارکردنی تێسلا وەک دروستکردنی 1 ملیۆن ئۆتۆمبێلی خۆکار کە تێسلا بە رۆبۆ تەکسی ناویان دەبات.
هەروەها بەرزکردنەوەی پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە، لانیکەم بۆ 400 ملیار دۆلار لە 4 چارەکی بەردەوامی ساڵدا.
دوو قۆناخی دووەم هەروەها مەرجێکی دیکە لە خۆ دەگرێت کە مەسک دەبێت چوارچێوەیەک بۆ دانانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا لە دوای خۆی دەستنیشان بکات، کە لەلایەن بۆردی تێسلاوە پەسندبکرێت.
بەپێی پاکێجی قەرەبووکردنەوەی تێسلا، ئەگەر ئامانجە دیاریکراوەکان بەدەست نەیەن، پێدانی پشکەکان بە مەسک گەرەنتیکراو نییە.
شرۆڤەکاران پێیانوایە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە بۆ ئیلۆن مەسک ئەرکێکی قورسە و ئەستەمە بەدی بێن.
بەهای پشکەکانی تێسلا ئێستا کە بازاڕی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا لە لوتکەی خۆیدایە 1.4 تریلیۆن دۆلارەو هەر پشکێکی کۆمپانیاکە بە 542 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەپێی شارەزایانی تەکنۆلۆجیا، بەرزکردنەوەی بەهای کۆمپانیای تێسلا لە 1.4 تریلیۆنی ئێستا بۆ 8.5 تریلیۆن دۆلار، کارێکی خەیاڵییە، بەوپێیەی مەسک دەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا بەهای تێسلا 6 هێندە بەرزبکاتەوە.
ئیلۆن مەسک ئێستا خاوەنی نزیکەی 13٪ـی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلایە، هەرچەندە هێشتا خاوەنی زیاترین پشکی کۆمپانیاکەیە، بەڵام ئەگەر بێت و پلانی پێشنیازکراوی بۆردی کۆمپانیاکە پەسندبکرێت و مەسک بتوانێت ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، ئەوا رێژەی پشکەکانی بەرزدەبێتەوە بۆ 25٪ تاوەکو 29٪ـی کۆی پشکەکانی کۆمپانیاکە. ئەمە دەتوانێت دەستی مەسک لە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە زۆر بەهێزبکات.
پێدانی نزیکەی 1 تریلیۆن دۆلار پشکی تێسلا بە ئیلۆن مەسک نزیکەی یەک دەیە کاری نایابی بەڕێوەبردن و ژینگەی لەباری ئابووری پێویستە.