بەرپرسێکی بەسرە: قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی کێڵگەی زوبێر گەورەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاگرکەوتنەوەکەی کێڵگەی نەوتی زوبێر یەک لە بەسرە، بەڕێوەبەری دەستەی دابەشکردنی نەوتی باشوور دەڵێت، ئاگرەکە لە تۆڕباینەکانی هەناردەی نەوت کەوتووەتەوە. دەشڵێت، تۆرباینەکان کۆنن و پێویستیان بە گۆڕینە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2025 حەیدەر بەتات، بەڕێوەبەری دەستەی دابەشکردنی نەوتی باشوور لە بووڵتەنی ئابووری، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "تۆڕباینەکان کۆن بوون و پێویستیان بە گۆڕینە، بەتایبەتی تۆڕباینە گەورەکان دەبێت ببرێنەوە کۆمپانیا بۆ گۆڕین یان چاککردنەوەیان، ئەگەرنا کارەکە زۆر دەخایەنێت."
حەیدەر بەتات رەتیکردەوە ئاگرکەوتنەوەکە کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوت هەبوبێت و گوتی، "ژمارەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە، چونکە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەڕێگەی دەریا و بەندەرەکانەوە تەنیا پشت بە هەناردەکردن لە رێگەی ئەو تۆڕباینە نابەستێت، بەڵکو سێ کۆگەی دیکەمان هەن کە پشت بەو نەوتە کۆگەکراوانەی فاو دەبەستن، بۆیە هەناردە پەکی ناکەوێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دەستەی دابەشکردنی نەوتی باشوور، رێژەی بەرهەمهێنان لە بەسرە بە نزیکەیی 90%ـە؛ نزیکەی 50%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە کێڵگەی زوبێرە.
ئاگرەکە بەیانیی رۆژی یەکشەممە کەوتەوە و بەهۆیەوە ئەندازیارێکی کێڵگەکە گیانی لەدەستدا و 25 کرێکاریش برینداربوون. حەیدەر بەتات گوتی، "قەبارەی زیانەکان گەورەن، چونکە تۆڕباینەکان بە تەواوی سووتاون."
هەر ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە بەسرە رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی خێرای دزەکردنی نەوت.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، "وەزارەت هەنگاوی بەپەلەی ناوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەبێ پەککەوتن، لەگەڵ چاودێریکردنی وردی مەیدانی بۆ چارەسەرکردنی زیانەکانی ئاگرەکە."