رێباز حەملان: هەوڵ دەدەین مانگی 11 دوو مووچەمان بۆ بنێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەولێر هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و عێراق "هیچ خاڵێکی نییە کە ئێستا بتوانێت مووچە دوابخات." ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی تەواو دەدەن لە مانگی 11دا مووچەی مانگەکانی 9 و 10 پێکەوە بنێردرێن، لقی بانکی ناوەندیی عێراقیش لە هەولێر پارەی پێویستی هەیە بۆ دابەشکردنی "دوو مووچە و سێ مووچەش."
رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2025 رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە دەکەن، کە وەکو داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، "کە 48 ملیاری لە سلێمانی دەبێت و ئەوی دیکەش لە هەولێر و دهۆک، بۆئەوەی بتوانین بەپێی ئەو قسانەی لەگەڵ بەغدا کراون، لە سەرەتای مانگی 11 مووچەی مانگی 9مان بۆ بنێرن و ئێمەش یەکسەر دابەشی بکەین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەم، مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و لە رۆژی دووشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە.
رێباز حەملان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق جێبەجێکردووە، لەوانەش هەناردەکردنەوەی نەوت، ناردنی داهاتی ناوخۆ و پاککردنەوەی لیستی مووچە.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بەغدا هیچ خاڵێکی نییە کە ئێستا بتوانێت بە هەرێمی کوردستانی بڵێت یان مووچە دوابخات."
رێباز حەملان گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتدا بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە عێراقیش مووچەکانی ساڵی 2025 بنێرێت.
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "گوشاری زۆرمان کردووە لە سەرەتای مانگی 11دا مووچەی مانگی 9 بێت و لە کۆتایی مانگی 11ش مووچەی مانگی 10 بێت."
رێباز حەملان رەتیکردەوە، عێراق بتوانێت بیانووی دارایی بهێنێتەوە بۆ نەناردنی مووچە و گوتی، "ئەو قەیرانە یان ئەو سیولەیە لە هەرێمی کوردستان کێشەی نییە. بانکی ناوەندیی عێراق کە لقی لە هەولێر هەیە، بەردەوام پارەی کاشی لەبەردەستدایە بۆ دابەشکردنی دوو مووچە و سێ مووچەش، لەبەرئەوە عێراق ناتوانێت ئەو بیانووە بەرامبەر ئێمە بەکاربهێنێت."
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و سەرۆککۆماری عێراق کرد کە "گوشارێکی گەورە" بکەن بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.