رووس نەفت پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دەكات
رووداو- هەولێر
لە لێدوانێكدا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای رووس نەفت رایگەیاند، ئەوان پێشبینی دابەزینی نرخی نەوت دەكەن بۆ خوارووی 60$ بۆ هەر بەرمیلێك لەساڵی 2015دا.
ئیگۆر سیتچن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای رووس نەفت بە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی رووسی دادەنرێت، لەماوەكانی رابردوودا پێشبینی جێگیركردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كرد لەلایەن رێكخراووی ئۆپیكەوە، هەروەها لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەیەكی نەمساوی، سیتچن رایگەیاند، كە بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە كاتیی دەبێت و لەساڵی 2025دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە كەمدەبێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە سیتچن ئاشكرایكرد، كە ئەگەر نرخی نەوت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەخوارووی 60$ بمێنێتەوە، ئەوا رووسیا دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكاتەوە بە بڕی 200 بۆ 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. ئەمە لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەممە كۆمپانیای رووس نەفت رایگەیاند، بەهۆی كەمیی نرخی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن كۆمپانیاكەیانەوە، بڕیارەكەی ئۆپیك بەهیچ شێوەیەك كارناكاتە سەر كارەكانی ئەوان.